چالاکی لە سلێمانی؛ بکوژانی چەلەبی ئاشکرا بکەن

پەنابەرانی باکوری کوردستان کە دانیشتووی شاری سلێمانین داوایان کرد بکوژانی زەکی چەلەبی، کە لە هێرشێکی چەکداریدا لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا ئاشکرا بکرێن.

پەنابەرانی سیاسی، بنەماڵە و هەڤاڵانی چەلەبی بە پێشەنگایەتیی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە باخچەی گشتی لە ناوەندی شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

بە بەردەوامی دروشمەکانی "شەهید نامرن" و "بمرێ خیانەت" دەوترانەوە و هەر چالاکوانێک وێنەیەکی زەکی چەلەبیی بەرزکردبوە.

موسلیم کاپڵان ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە چالاکییەکەدا وتی: "داوا لە بنەماڵەی بەڕێز ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال دەکەین، کە وەک دوو کەسایەتیی خاوەن هەڵوێست بمانپارێزن و بکوژانی شەهید زەکی چەلەبی ئاشکرا بکەن".

موسلیم کاپڵان داوای لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کرد، لە جیاتی لێکۆڵینەوەکردن لە ئەندامەکانیان بکوژانی شەهید چەلەبی ئاشکرا بکەن و ڕایگەیاند، چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت تا بکوژەکان ئاشکرا دەکرێن.

ڕۆژی ١٧ی ئایار دوو کەسی دەزگای سیخوڕیی تورک ناسراو بە میت لە شەقامی بەختیاری لە شاری سلێمانی هێرشیان کردە سیاسەتمەدارێکی کورد محەمەد زەکی چەلەبی  خەڵکی باکوری کوردستان و خاوەنی چێشتخانەی دەنیز و شەهیدیان کرد.

دواتر ئاشکرابوو، بکوژەکان هەڵاتوون بۆ هەولێر.

ژ.ت