چالاکی مانگرتن لە خواردنی گیراوانی بادینان ١٧ رۆژی تێپەڕاند

چالاکی مانگرتن لە خواردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی باشوری کوردستان کە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون، ١٧ رۆژی تێپەڕاند. ٨٥ رۆژنامەنووس و چالاکوان دەستیان بە چالاکی مانگرتن کردووە.

لە ٦ی ئەیلولەوە چوار چالاکوانی بادینان بە ناوەکانی 'مەسعود عەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب ڕەشید، کارکەر عەباس عەلی و شێروان تەها ئەمین' دەستیان بە چالاکی رۆژووی مردن کردبوو. دوای ئەوان ٨٥ رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لەدژی دواخستنی دانیشتنی دادگا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ماهیر بەڕۆشکی برای رۆژنامەنووس ئۆمێد بەڕۆشکی لەمبارەیەوە رایگەیاند، ١٦ی ئەیلول براکەی چەند خولەکێک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا کردووە.

ماهیر باسی ئەوەی کرد کە ئۆمێد پێی راگەیاندووە، ئاسایشی پەدەکە داوای کردووە، کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنن، بەڵام ئەو رایگەیاندووە، تاوەکو ئازاد نەکرێن، دەست لە چالاکی مانگرتن لە خواردن هەڵناگرن.

ساڵێکە نزیکەی ١٠٠ رۆژنامەنووس و چالاکوانی دەڤەری بادینان لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون. بەڵام تاوەکو ئێستا هەندێکیان سزانەدراون و دۆسیەکەیان لە دادگایە و دادگاش دانیشتنەکان دوادەخات.

ف.ق