چالاکیی "دادپەروەریی" بنەماڵەى شەنیاشار بەردەوامە

بنەماڵەى شەنیاشار ماوەى ٢٠٣ رۆژە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە چالاکیدان و ناڕەزایەتییان لە دژی جێبەجێنەکردنی دادپەروەری نیشاندا.

هاوسەر و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە ناوچەى پرسوسی رحا لەلایەن خزمانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کوژران. ئەمینە شەنیاشار لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕیدا، کە لە هەمان ئەو هێرشەدا بریندار بوو بوو لە بەردەم دادگای رحا بەردەوامن لە چالاکییەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری.

دایک و کوڕ ئەمڕۆ ٢٠٣ رۆژە لە بەردەم دادگادا چالاکیی دانیشتن ئەنجام دەدەن.

بە ناوی بنەماڵەى شەنیاشارەوە لە تویتەر پەیامێک بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە، "دایکێک بەهۆی جێبەجێنەکردنی سیستمی دادپەروەری ماوەى ٢٠٣ رۆژە لە بەردەم دادگادا داوای دادپەروەری دەکات. کەس ناتوانێت بەرامبەر ئەو داوا راستگۆیانە و روونەدا راوەستێت. تەنها دەیەوێت ئەو یاسایەی هەیە جێبەجێ بکرێت".

ژ.ت