گۆڕی بە کۆمەڵێ کۆرا عەلۆ عەنتەر
دوای ئەوەی چەتەکانی داعش لە هاوینی ٢٠١٤دا لە عێراقدا دەستی بە هێرشەکان کرد، لە چەندین ناوچە کۆمەڵکوژی و کارەساتی مرۆی خوڵقاند، لە دوای خۆیەوە سەدان گۆڕی بە کۆمەڵی جێهێشت. بە تایبەتی ئەو کاتەی پارێزگای موسڵ کەوتە دەستی داعش، لە تەلعفەرەوە هەتا شەنگال چەندین کۆمەڵکوژی بەرامبەر شیعە و ئێزیدییەکان ئەنجامدا.
یەکێک لە کۆمەڵکوژییە گەرورەکانی ئەو کاتەش، لە کۆرا عەلۆ عەنتەری گرێدراوی تەلعفەر ئەنجامدرا. کە تێیدا بە هەزاران شەنگالی و شیعەی تەلعفەر لەو ناوچەیە بە کۆمەڵ ژێرخاک کران. بە پێی زانیارییەکان و شاهیدەکانی ئەو کۆمڵکوژییە نزیکی ١٥٠٠-٢٠٠٠ ڕوفات لەو گۆڕەدا شاردراوەتەوە. وا ماوەی دە ساڵە کەسوکاری قوربانییەکان لە چاوەڕوانی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەدان.
ئەمڕۆ بە چاودێری فەرمانگەی هەڵدانەوە و پاراستنی گۆڕی بە کۆمەڵ و ڕێکخراوی یونایتید، دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی عەلۆ عەنتەر کرا. نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق د. زێدان خەلەف و قایمقمامی تەلعفەر ئامادەی هەڵدانەوەی گۆڕەکە بوون.
نوێنەری سەرۆکوەزیران د. زێدان خەلەف لە پەیامی قسەکردنیدا ئاماژەی بەوەدا بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی فەرمانەکە مۆنۆمێنتێک دروست دەکرێت.
دەیان بنەماڵەی ئێزدی خەڵکی شنگال چوونەتە تەلەفەر، هەروەها بنەماڵە شیعەکانی خەڵکی تەلەفەریش لە سەرەتای کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا ئامادەبوون.
هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە بۆ ماوەی ٣-٤ مانگ بەردەوام دەبێت
قوڵای گۆڕی بە کۆمەڵی عەلۆ عەنتەر نزیکەی ١٥ مەتر دەبێت، بە هۆی لافا و بارانەوە زۆرینەی گۆڕەکە داخوراوەتە خوارەوە و هەروەها بوونی زرۆی مار و دووپشک لە گۆڕەکەدا وایکردووی کاری هەڵدانەوەی گۆڕەکە زۆر سەختتربێت. پێشبینی دەکرێت کاری هەڵدانەوەی گۆڕەکە بۆ ماوەی ٣-٤ مانگ بەردەوام بێت.