دوو کۆڵبەری دیکە بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژران

لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز و سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژران.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان (٢٥ی خاکەلێوە) ژمارەیەک کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی هێڵی سنووری لە نزیک گوندی بەیتوشی سەردەشت کەوتوونە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە انوی مێهرداد عەبدوڵا زادە کە خەڵکی گوندی مارەغان بووە بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە لە بەرزایی کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.

هاوکات لە ناوچەی سنووریی بەستامی سەر بە شاری سەقزیش کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی ئومێد سەعیدی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە تەقەی لێکرا و ژیانی لەدەستا. هێزەکانی ئێران دوای تەقەکردن لەو کۆڵبەرە هەر لەو شوێنە جێیان هێشت و دواتر تەرمەکەی لە لایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.

لە سەرەتای ساڵی کوردییەوە، واتە لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ٤ کۆڵبەری دیکە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسود کوژراون و پێنج کۆڵبەریش بە هۆی رەقبوونەوە، وەستانی دڵ و کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ ساڵی رابردووی کوردییەوە ٣٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرابوون و لانیکەم ١٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش بە رووداوی جیاجیای وەک کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، رەقبوونەوە و خنکان گیانی لەدەستدابوو، هەر لەو ساڵەدا ٣٦٥ کۆڵبەریش بە رووداوی جیاجیا برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کرابوونە ئامانج.

هـ .ب