دەیانەوێت بە دروستکردنی بەنداوەکان زیان بە گەل بگەیەنن

دەستەى بەڕێوەبەریی یەکێتیی ژوورەکانی بیناسازی و ئەندازیارانی تورک (TMMOB - تەمەمۆب) لە شاری ئێلح لە دژی بەنداو و وێستگەکانى کارۆئاوی (HES) رایگەیاند، "دەیانەوێت بە بەنداو و ناوەندەکانی کارۆئاوی زیانی سۆسیۆ – ئیکۆنۆمیک و سۆسیۆ – کولتوری بە گەل بگەیەنن".

ئەنجوومەنی گشتیی شاری ئێلح بڕیاریداوە لەسەر چەمی زۆرێ لە نێوان گوندی هەریڤێی ناوچەى ساسۆن و گوندی خوەشکی ناوچەى پاسووری ئامەد بەنداوێک و ناوەندێکی کارۆئاوی دروست بکات. دەستەى بەڕێوەبەریی یەکێتیی ژوورەکانی بیناسازی و ئەندازیارانی تورک (TMMOB - تەمەمۆب) لە شاری ئێلح لەبارەی دروستکردنی ئەو ناوەندە کارۆئاوییە لەسەر چەمی زۆرێ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەندامانی ژووری دەستەى بەڕێوەبەریی یەکێتیی ژوورەکانی بیناساز و ئەندازیارانی تورک (TMMOB - تەمەمۆب) لە شاری ئێلح و وتەبێژی هەوڵی پاراستنی حەسکێف ردڤان ئایهان بەشداری خوێندنەوەى راگەیاندراوەکە بوون.

ئەحمەد بولەند تەکتیک سکرتێری دەستەى تەمەمۆب ئاماژە بە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی فەرمانگەى هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکان (ÇED) رایگەیاند، "سەرەتا دەستەى گشتیی شارەکە بە پاساوی ژینگە، بومەلەرزەناسی و هایدرۆلۆجیکی (ئاوناسی) دروستکردنی ئەو بەنداو و ناوەندە کارۆئاوییەى رەتکردبووە، بەڵام دوای سەردانی پارێزگاری ئێلح بۆ ئەنجوومەنی گشتیی شاری ئێلح لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، ئەنجوومەنی شارەکە دروستکردنی ئەو بەنداو و ناوەندە کارۆئاوییەى پەسەند کرد.

لەبەر ئەوەى سەرچاوەی بژێویی خەڵکی ئەو ناوچەیە پشتبەستووە بە کشتوکاڵ، باخەوانی و ئاژەڵداری، ئەو بەنداوە کاریگەرییەکی خراپ و گەورە لەسەر ناوچەکە دروست دەکات. ئەگەری ئەوە هەیە جارێکیتر خەڵک لەو ناوچەیەدا ناچاری کۆچبەربوون ببنەوە. ناوچەى ساسۆن پلەى یەکەمی لە روودانی بومەلەرزەدا هەیە، دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگیرێت. ئەگەر ئەو بەنداوە کارۆئاوییە دروست بکرێت، ئەوا گەل ناچار دەبێت کۆچ بکات. ئەوەش لە رووی کۆمەڵایەتی – ئابووری و کولتوری – کۆمەڵایەتییەوە زیانێکی گەورە بە گەل دەگەیەنێت".

ئەحمەد بولەند تەکتیک راشیگەیاند، یەکێتیی ژوورەکانی بیناساز و ئەندازیارانی تورک (TMMOB - تەمەمۆب) خاوەنداری لە سروشت دەکات و هەوڵی خۆی دەخاتە کار بۆ ئەوەى رێگری لە دروستکردنی ئەو بەنداوە کارۆئاوییە بکەن، چونکە زیانەکانی لە هەموو روویەکەوە زۆر زیاترن لە سوودەکانی.

ژ.ت