فەرماندەی هەپەگە: گەریلا هێزێکی فیداییە و کەس ناتوانێت خۆی لە بەردەمیدا بگرێت

حەقی ئارمانج یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە باسی لە کێشەکانی باشووری کوردستان کرد و داوای لە پەدەکە کرد بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە. ئارمانج وتی، "کەس ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلادا بوەستێت".

حەقی ئارمانج یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شیکاریی بۆ هێرشە داگیرکەری و پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک و رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کرد.

ئارمانج ئاماژەى بە هێرشە پاکتاوکارییەکان کرد و وتی، "لە چیاکانی کوردستان لە دژی گەریلاکانی ئازادی دەستیان بە ئەنجامدانی گەورەترین ئۆپراسیۆنەکان کردووە. ئامانج و پلانیان پاکتاوکردنی گەلی کورد بوو، نەک تەنها ئاکەپە، بەڵکو ئەو هێزانە، کە بە هێزی  "هێزە شاراوەکان"، مەهەپە و "فاشیزمی شاراوە" دەناسرێن پێکەوە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی ئەوانە و لە هەلومەرجی قورسی زستان و هێرشە هەمەلایەنەکاندا، لە جیلۆ تاوەکو هەرەکۆڵ، لە کاتۆ تاوەکو جودی و ئامەد بۆ پاراستنی گەل و شکۆی خۆیان لە شەڕ و بەرەنگاریدان".

بەرخودانی حەفتانین

حەقی ئارمانج باسی ئەوەیکرد، حەفتانین لە مێژووی تێکۆشانیاندا بووە بە لاپەڕەیەکی گرنگ و وتی، "گەریلاکانی حەفتانین بە زۆری هەڤاڵانی گەنج بوون، هەڤاڵانی کۆن نەبوون. یانی بە زۆری بەو شێوەیە بوو. دوژمن بە تەکنیکەکانی سەدە و بە کۆنترا و بە چەتەکانی و هەروەها بەو چەتانە کە لە دەوڵەتە جیاجیاکانەوە کۆی کردوونەتەوە، بە هاوکاریی 'کوردە خائینەکان' ماوەى دوو ساڵە بە شێوەیەکی بێسنوور هێرش دەکات".

ئارمانج رایگەیاند، گەریلاکانی حەفتانین لە دژی ئەوانە لە چالاکی و بەرخودانی کاریگەردان و وتی، "ئەو ئەزمونەى لە ماوەى ٢ ساڵی ربرادوودا بە دەستهێنراون، بە دڵنیاییەوە بە تاکتیک و رێبازی نوێ بەهێز دەکرێن و دەئافرێنرێن. بە هەڵمەتی لەو شێوەیە نە سەنگەرە کۆنکرێتییەکان و نە تەکنیکەکانیشیان ناتوانێت دوژمن بپارێزێت".

رۆڵی نۆکەریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)

ئارمانج لەبەردەوامیی وتەکانیدا لەبارەى هەڵوێستەکانی پەدەکەوە وتی، "ئیدی ئێمە قسەکردن لەبارەی هێرشەکانی پەدەکەوە بە بێ مانا دەزانین. با سەرەتا ئەوە بڵێین. بەڕێوەبەریی بزووتنەوەکەمان، هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە، فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندی و ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانمان زۆر جار لەسەر ئەو دۆخە راگەیاندراویان بڵاوکردووەتەوە و لێدوانیان داوە و رایانگەیاندووە، لەگەڵ شەڕدا نین. ئەگەریش کێشە هەبێت پێویستە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. لەسەر ئەو بنەمایە بە بەردەوامی بە نیازێکی باشەوە بانگەوازیان بڵاوکردووەتەوە.

هەروەها زۆرێک لە رێکخراوەکان و دامەزراوە کوردییەکان، نووسەران، هونەرمەندان و سیاسەتمەداران بانگەوازیان بڵاوکردەوە، کە کێشەکە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. ئەوە بە گشتی هەڵوێستی گەلی کورد بوو. سەرباری بانگەوازەکانی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەشمان، پەدەکە رۆژ بە رۆژ ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکات. هێزەکانی خۆی رەوانەى ناوچەکانی گەریلا دەکات. لەسەر زۆرێک لە گرد و شاخەکاندا خۆی جێگیر کردووە. لەم دواییەدا زۆرێک لە رێگاکانیان بڕیوە. ئەو کارانەیان کردووە و هێشتاش بەردەوامن لەو کارانە.

دوو رۆژ لەوە پێش لە نزیک ئامێدی ٢ ئۆتۆمبێلی هەڤاڵانیان خستە بۆسە و هێرشیان کردنەسەر. ئەو رووداوە نیشانی دەدات، کە ئیدی قسەکردن مانای نەماوە. ئەوانەى بەو شێوەیە دەجوڵێنەوە، خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکەن، کە دوژمنی کوردانە. داواکانی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار جێبەجێ دەکەن. ئەوانە کام هێزن؟ ئاڵای پەدەکەیان پێیە، بە ناوی پەدەکەوە دێن. ئەو هێزە بە فەرمی لەلایەن هەندێک کەسەوە بەڕێوەدەبرێت و جێگیر دەکرێت.

'دان بە خۆدا گرتن سنووری هەیە'

ئێمە تاوەکو ئێستا چەندینجار دانمان بە خۆماندا ناوە و رێگریمان لە هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانیان کردووە. ئێمە دەتوانین تاوەکو رادەیەک سەبر بکەین. ئەوە دەڵێم و نمونەى زەقیش دەخەمەڕوو، هەڤاڵان دەیانەوێت لە حەفتانین لە هێزەکانی دوژمن لە شاخی خانتور بدەن، لە چالاکیدان، بەڵام کاتێک پێشمەرگەکانی پەدەکە هەڤاڵان دەبینین، راستەوخۆ زانیاری بە دوژمن دەدەن. گوایە خۆیان بە هێزی پاراستن و بەرگریی باشووری کوردستان دەزانن. بۆیە ئەوە دەڵێم، کاتێک هەڤاڵان دەکشێنەوە لە هەڤاڵان دەدەن. هەڤاڵان دەبینن، کە لەلایەن پێشمەرگەکانی پەدەکەوە لێیاندەدرێت. هێزەکانی پەدەکە لە هێڵی بوسەرێ و کێرێ سات بە سات شوێنی هەڤاڵان بۆ دوژمن دەستنیشان دەکەن و دوژمنیش بە تۆپ و هاوەن لە هەڤاڵان دەدات. یانی هێزەکانی پەدەکە کە لەسەر شاخ و گرد و رێگاکان جێگیرکراون، سات بە سات سیخوڕی و هەواڵگری بۆ دوژمن دەکەن. دوژمنیش سوود لەوە وەردەگرێت و لە هەڤاڵان دەدات".

فەرماندە حەقی ئارمانج ئاماژەى بەوەشکرد، سەرباری ئەوانەش ئێمە چوارچێوەی نزیکایەتیی سەرنجڕاکێش و هەستیاری بزووتنەوەکەمان  کردە بنەما بۆ خۆمان و بەپێی خواست و داوای گەلەکەمان جوڵاینەوە، بەڵام ئەو پرسیارەی کرد، "ئەوانەى هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن کێن؟".

'کەسە کوژراوەکە کۆنترا بوو'

ئارمانج لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "ئەو کەسەى لەمدواییەدا مرد کەسێکی کۆنترا بوو. لە بزووتنەوەکەى ئێمە دابڕا و خۆی خستە باوەشی دوژمن. میت بە باشی پەروەردە و راهێنانی پێکرد. دواتریش بە ناوی 'پێشمەرگەى رۆژ'ەوە هەوڵی دا لە دژی ئێمە بەکاری بهێنێت. ئەوە کەسە کوژراوەکەیە. بە دڵنیاییەوە ئەندامانی میت لە ناو ئەو هێزانەدان کە سەر شاخەکان و گردەکان و رێگاکاندا جێگیرکراون. یانی ئەگەر جلوبەرگی پێشمەرگەشیان لەبەردا بێت، بە ناوی پەدەکەشەوە بجوڵێنەوە، هەر ئەو هێزەن و کار بۆ میت دەکەن. ئێمە تاوەکو ئێستا دانمان بە خۆماندا ناوە. ئەوەش قورسە. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین. هەڤاڵانمان فیداین. بزووتنەوەى ئازادیی کورد بە چەند هەڤاڵ دەستیپێکرد.... رێبەرایەتی بە چەند هەڤاڵ دەستیپێکرد. هیچ ئیمکان و دەرفەتێکیان لە دەستدا نەبوو. لە دژی دووەمین گەورە سوپای ناتۆ، کە توانایی و ئیمکانی زۆر زۆری هەبوو، بڕیاری تێکۆشانیان دا. بەو ورە و ئیرادەیەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەم سەردەم و ئاستە. شەڕڤانانی ئازادی ئێستا بەهۆی ئەو نەریتەەوە لە چیاکانی کوردستان دان.

'گەریلا هێزێکی فیداییە، کەس ناتوانێت لە بەردەمیاندا بوەستێت'

هەموو جیهان لە دژی فاشیزم وەستاوەتەوە، هەڵوێستی لە دژ نیشان دەدەن، بەڵام هەندێک هێزی کورد پشتگیری لە فاشیزم دەکەن. پێشتر هێزە کوردییەکان لە دژی یەکتر شەڕیان دەکرد، بەڵام کورد لەوە سوودی دەست نەکەوت. دەستی ئەردۆغان بە خوێنی کورد سوورە. ئەو هێزە کوردییانەش بە جلی پێشمەرگەوە نۆکەرایەتی و چاوساغییان بۆ دەکەن و پێشیان دەکەون. رێکخستنەکەمان بە ڕاستی رێز لە پێشمەرگە دەگرێت، بەڵام ئەو هێزە پێشمەرگە نییە، هێزی کۆنترایە. دوو رۆژ لەوە پێش هەڤاڵانمان بەرەو ئەو لایەنەوە دەڕۆیشتن، تەقەیان لەو ئۆتۆمبێلانە کرد، کە هەڤاڵانی ئێمەى تیادا بوو. گەریلا هێزێکی فیداییە. کەس ناتوانێت لە بەردەمیدا خۆی بگرێت.

'پێویستە پەدەکە گوێ لە بانگەوازەکانی بزووتنەوەکەمان بگرێت'

دەبێت هێزەکانی پەدەکە لەوە تێبگەن، بۆیە دەبێت زیاتر بە بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە و بە نزیکایەتیی بەرپرسیارانە گوێ لە بانگەوازەکانی بزووتنەوەکەمان بگرن. کەس نەیوتوە، "ئێمە دەمانەوێت شەڕ رووبدات". هەموو کەس لە دژی شەڕ وەستایەوە. بزووتنەوەکەمان بەرپرسیارانە جوڵاوەتەوە و بانگەوازی بڵاوکردەوە. دەبێت پەدەکە ئەوە ببیستێت. شەڕێکی لەو جۆرە سوودی بۆ دەوڵەتی تورکی چەوسێنەر و داگیرکەر دەبێت و ئەو پێی دڵخۆش دەبێت. ئێمە ناکەوینە داوەکەوە".

ژ.ت