گەنجانی رانیە؛ نابێت جارێکیتر کورد بوار بدات بە دەستی خۆی لە ھێزی نەتەوەی خۆی بدات

گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە رانیە بەیاننامەیەکیان لەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ھێزە کوردییەکان و رەشبگیرییەکانی پارتی لە بادینان و ھەولێر بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژە بەوە دەدەن ماوەی دوو ساڵە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ھێرشە داگیرکارانەکەی لە باشووری کوردستان فراوانتر کردووە و ئەمەش لە رێگەی ھاوکاریی راستەوخۆی پارتییەوە بەردەوام کارئاسانیی بۆ دەکرێت، سەرباری ئەمانەش پارتی لەم دۆخەدا بێ لە بەر چاو گرتنی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ھەڵمەتێکی رەشبگیریی لە بادینان و ھەولێر دەستپێکردووە و ھەر کەسێک لە بەرامبەر سیاسەتەکانی پارتی دا ناڕازی بێت دەستگیری دەکەن.

لە بەشێکی تری بەیاننامەیەکیان ئاماژە بە ھەر دوو هاووڵاتیی گەنجی کوردی زیندانی کراو مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر کراوە، کە  بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی میت لە شاری ھەولێر دەستگیر کراون و لە ئێستا لە ژێر فشاری دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا پارتی دەیەوێت سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ بکات، بۆیە گەنجان داوا دەکەن بە زووترین کات ئەو سزایە هەڵبوەشێتەوە و و جێبەجێ نەکرێت و وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی ئەو دوو گەنجە پێویستە ئازاد بکرێن نەک بە فشاری دەوڵەتێکی داگیرکەر سزا بدرێن .

ئاماژە بەوە دەدەن، پارتی لەم قۆناغەدا رۆڵی کاربەدەستێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبینێ و دەیەوێت بەڕێککەوتنی حکومەتی عێراق و پارتی لەسەر شەنگال جارێکیتر کۆمەڵکوژیی شەنگال و ئێزدییەکان دووبارە بکاتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی کوردستان وریا بن لەم پیلانە چەپەڵە و نەکەونە ژێر کاریگەریی پروپاگەندەکانی پارتی و ھیچ ڕێککەوتنێک لەسەر شەنگال بە بێ ھەبوونی ئیرادەی خەلکی شەنگال قبوڵی نەکەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا، داوای یەکڕیزی و پێکھێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد دەکەن و دەڵێن، نابێت جارێکیتر کورد بوار بدات بە دەستی خۆی ھێزی نەتەوەیی خۆی لە ناو ببات.

ژ.ت