گروپێکی نەتەوەپەرستی تورک سووتاندنی بازاڕی لەنگەی هەولێری لە ئەستۆگرت

جارێکی دیکە و لەماوەیەکی کەمدا ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان دوکان سوتان و گروپێکی نەتەوە پەرستی تورک ئەمجارەشیان سوتاندنی بازاڕەکەی لە ئەستۆ گرت و تائێستاش بەرپرسانی حکومی لەوبارەوە بێدەنگن.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بۆ دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ٦٠ دوکان سوتاند و زیانی چەند ملیۆن دۆلاری بەر کاسبکارانی ئەو بازاڕە کەوت.

درەنگانی شەوی رابردوو گروپێکی نەتەوەپەرستی تورک بە ناوی "رێکخراوی پەیمانی میللی" راگەیەندراوێکی لەبارەی کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند: “ئاگرمان لە دڵی کوردە ترسنۆکەکان بەردا، لە ١٦ شوێنەوە ئاگرمان لە بازاڕەکە کردەوە و لەناومانبرد”.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر ئاگر لە هەریەک لە بازاڕەکانی ئەحمەد ئاغا لە کەرکووک، لەنگە لە هەولێر و چەلێ لە دهۆک، کەوتەوە، هەردوای ڕووداوەکە، ئەو گرووپە توندڕەوە لە سێ ڕاگەیاندراودا بەرپرسیارێتی خۆیان لە سووتاندنی هەرسێ بازاڕەکە ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەکردووە، “سنوورەکانی پەیمانی نیشتیمانیی وەردەگرینەوە”، کە(مەبەستیان لە زیندووکردنەوەی میساقی میللیی دەوڵەتی عوسمانییە).

تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشووری کوردستان، هیچ ڕوونکردنەوەیەکییان لەبارەی ئەو ئاگرانە و ڕاگەیاندراوەکانی ئەو گرووپەدا نەداوە، لە کاتێکدا ئەو گرووپە لە هەڕەشەکانیان بەردەوامن و دەڵێن: “دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە هەڵبووەشێتەوە و ببێتە بەشێک لە سوپاکەمان”.

هـ . ب