"گۆشەگیری لە تورکیا قەیرانی لێدەکەوێتەوە"

سەرۆکی لقی ئامەدی ئیهەدە ئەرجان یڵماز ئەوەی خستەڕوو، کە سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەبێتە مایەی دروستبوونی قەیران لە تورکیا و وتی، "ئەو قەیرانە قەیرانێکی سیاسیە".

سەرۆکی لقی ئامەدی ئیهەدە ئەرجان یڵماز، ئەوەی خستەڕوو کە چالاکی زیندایانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی تورکیا بەردەوامە، کە ئامانجیان هەڵگرتنی سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی و چەسپاندنی سیستمی یاسای ئاساییە.

مانگرتن لە خواردنی زیندانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی تورکیا کە لە ٢٧ی تشرینی دووەم لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیپێکرابوو، لە ٤ی نیساندا کۆتاییهات، بەڵام چالاکی بایکۆتکردنی دادگاکان، رەتکردنەوەی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران و پەیوەندی تەلەفونی بەردەوامە.

سەرۆکی لقی ئامەدی ئیهەدە ئەرجان یڵماز قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە زیندانیان لەپێناو چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانوستان، لە چالاکیدان و وتی، "لە ماوەی ئەو ١٣٠ رۆژەی چالاکی مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکان بەڕێوەچوو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رێکخراوە پیشەییەکان و سەندیکاکانی پارێزەران هەوڵیاندا سەرنج بۆ سەر بابەتەکە رابکێشن.. ئێشکگریی دادپەروەری بنەماڵەکان هەستیاری و وشیاربوونەوەی لەناو گەلدا سازکرد. لە قۆناغی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، هەندێک لەو چالاکیانە کەوتنە ژێر سێبەری هەڵبژاردن".

دەوڵەت کار بە یاساکانی خۆی ناکات

یڵماز ئەوەی خستەڕوو، ئەو سیستمەی گۆشەگیری کە بێ پسانەوە ٢٥ ساڵە لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەسەپێندرێت، نە بەگوێرەی یاسای نێوخۆیی تورکیا و نە بە گوێرەی رێسا و یاسای جیهانییە و باسی لەوەشکرد، "ماوەی ٢٥ ساڵە کە عەبدوڵا ئۆجالان رادەستی تورکیا کراوەتەوە. دوابەدوای بەدیلگیران، ئەو سیستمی گۆشەگیریە جێبەجێ کرا. مافە گەردونیەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن دەوڵەتەوە پێشێل دەکرێن. بۆیەش زیندانیان ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانەکانی تورکیا بەشێوەی بەردەوام لە دژی ئەو هەڵوێست دەردەبڕن و چالاکی لەم چەسنە ئەنجام دەدەن. جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، بەر لەوەی لە تورکیا زیاتر ببێتە مایەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، زیاتر زیانی گیانی بێنە ئاراوە و ئاڵۆزیەکە گەورەتر بێت، دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی گۆشەگیری بهێندرێت. وەک ئیهەدە زۆر جار ئەو کێشەمان خستەبەرباس و کردمان بە رۆژەڤ و سەردانی وەزارەتی دادمان کرد. بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هەلومەرجی ئیمراڵیدا بکرێت و دیدار لەگەڵ زیندانیانی ئەو ئەنجام بدرێت، داواکاری پێشکەش کران. لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دوو جار سەردانی بەو جۆرەمان ئەنجامداوە، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراینەوە.

پێشێلکارییەکی بەردەوام هەیە

یڵماز ئەوەی خستەڕوو کە جێبەجێکردنی گۆشەگیری لە تورکیا بووەتە مایەی دروستبوونی قەیران و وتی، "لە یاسای جێبەجێ کردنی سزا بۆ زیندانیان و سزادراوان رەچاوی هەندێک ماف کراوە. بە بێ جیاوازی و جیاکاری دەبێت ئەو مافانە بۆ هەموو زیندانیان بە شێوەی یەکسان جێبەجێ بکرێن. عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە زیندانیە، ژمارەی پەیوەندیە تەلەفونیەکانی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە پێنج جار تێناپەڕێت. مافی ناردنی نامە و وەرگرتنی نامە ماوەی ٢٥ ساڵە زەوت کراوە. هەروەها سنووردارکرندی هەڕەمەکی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران بە بەردەوامی جێبەچێ دەکرێت. هەموو ئەوانە لە دژی یاسای ناوخۆیی و نێونەتەوەیین".

هـ . ب