هاوسەرۆکانی شارەوانی لجێ بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان وەرگرت

هاوسەرۆکانی شارەوانی لجێ لە هەڵبژاردنەکان بە ڕێژەیەکی زۆری دەنگەکان سەرکەوتن، بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان وەرگرت و لەگەڵ سەدان کەس چوونە بینای شارەوانی.

هاوسەرۆکی شارەوانی دیار دیلەک و فورات دەمیر و ئەندامانی مەجلیسی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە لجێ، لە دادگا بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان وەرگرت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد پینار ساکیک تەکین، پەرلەمانتار عەدالەت کایا، هاوسەرۆکانی پێشووی شارەوانی لجێ تارق مەرجان کە قەیوم لە شوێنی دانرابوو لەگەڵ سەدان کەسی تر بەشداری مەراسیمەکە بوون.

پاش وەرگرتنی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون، سەدان کەس بەرەو شارەوانی بەڕێ کەوتن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی عەدالەت کایا ڕایگەیاند وەک چۆن لە سندووقەکاندا ئیرادەی گەل سەرکەوت، لێرەش پارادایمەکەمان سەردەکەوێت، سوپاسی هاوکاری و پشتیوانی گەلی کرد.

هاوسەرۆکانی شارەوانیش لای خۆیانەوە سوپاسی گەلیان کرد. جەماوەر چوونە نێو شارەوانییەکەوە و پیرۆزباییان لە هاوسەرۆکانی شارەوانی کرد.