گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بەشداری لە بەرنامەی هێڵی سێیەمی تەلەفزیۆنی ئاریەن-دا کرد و لەسەر چەند تەوەرێک لەوانە یەکێتی نەتەوەیی و هەوڵەکانی کەنەکە بۆ ئەو بابەتە قسەیکرد.
فەهیم بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی کەنەکە و هەروەها گرژییەکان لە باشوری کوردستان وتی: لە قۆناغێکی چارەنووس ساز داین، گەلی کورد لە ئەنجامی تێکۆشان و گیان فیدایی ڕۆڵەکانی دەستکەوتی گەورەی لە سەرتاسەری کوردستان بەدەستهێناوە و گەیشتووەتە قۆناغێک کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و ئازاد پێشەنگایەتی بۆ مرۆڤایەتی بکات.
فەهیم لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:" دوژمنان بە خوێندنەوەی دۆخی ئێستای گەلی کورد هەوڵدەدەن بە پیلان نەهێڵن کورد بە داوا ڕەواکانی بگات، بۆیەش لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکەنە سەر، لەم ناوندەشدا، پەدەکە بووەتە بازیچەی دوژمنان و داگیرکەران لە ئەنجامی نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکان ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندی بنەماڵەیی، لە ئەگەری ڕوودانی هەر شەڕێک، ئەگەری دووبارەبوونەوەی مێژوو و گەڕانەوە بۆ ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر هەیە، دۆخی ئێستا زۆر مەترسیدارە و پێویستە لە بەرامبەریدا هەڵویستێکی جدی و ڕوون وەربگیرێت، هەنگاوی کردەوەیی لەم پێناوەدا بۆ هەر کەس و پارتێک پێویستە و دەبێت ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێی بێنێت، ئێمەش وەک بزوتنەوەی ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامادەین هەموو بەرپرسیارێتیکمان لە چوارچێویەی یەکێتی نەتەوەیی بەجیبێنین، بۆیەش داوای یەکێتی لە پارتە کوردستانییەکان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.
فەهیم لەسەر دۆخی ئێرانیش وتی: دەسەڵاتی ئێران لە پشت ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی و شەڕ لە ئێران خۆی شاردووەتەوە و بژاردەی سەرکوتی گەلی لەجێی چارەسەریی کێشەکان هەڵبژاردووە، سەرکوت، فشار، زیندان و کوشتنی گەل لەو چوارچیوەیە دایە، نەبوونی چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان و سیاسەتی گرژی نانەوە لە ناوچەکە، هۆکاری فشارەکان لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
فەهیم هەروەها بە ئاماژەدان بە کوژرانی فەخری زادە وتی: هێزە هەژموونگەراکان، دەیانەوێت گرژیی و ئاڵۆزی بنێنەوە و دۆخێکی نائارام لە ناوچەکە دروست بکەن بە تایبەتیش لە ئێران، سوریا و عێراق، سزا ئابورییەکانی سەر دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران بەشێک لەم پلانەیە، لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی ئاین گەرایی، نەتەوە پەرستی و ڕەگەز پارێزی دەسەڵات، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە، تەقینەوەکان، کوژرانی کەسایەتییەکان و دۆخی نائارامی هەنووکەیی، بەرهەمی پەرەدان بەم زیهنییەتەیە.
گوڵان فەهیم بە ئاماژەدان بە ڕێگەچارەی دەرچوون لەم دۆخە وتی: سیستمی دەوڵەت-نەتەوە تا ئێستا جگە لە کێشە و قەیران هیچ ئەنجام و بەرهەمێکی نەبووە، بەڵام سیستمی نەتەوەی دیموکراتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان، چارەسەری قەیرانە هەنووکەییەکانە، چونکە دەستێوەردانی دەرەکی لە هەر وڵاتێک، نە تەنها کێشەکان چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە قووڵتریان دەکاتەوە، ئیرادە و توانای زاتییە کە دەتوانێت ببێتە کلیلی قەیرانەکانی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: یەکێتی دیموکراتی گەلانی ئێران دەتوانێت کۆتایی بە هێرشە داگیرکەرییەکان بێنێت و ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە دیموکراتیزەکردنی ئێران بگیرێت، گەلی کوردیش بە یەکێتی نەتەوەیی دەتوانێت لە پێشەنگایەتی کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دیموکراتی-دا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن.
ز.ش