هەدەپە: گەمارۆدانی شارەکان هەوڵی پلان بۆ داڕێژراوی کۆمەڵکوژکردن بوو

هەدەپە رایگەیاند، گەمارۆی شارەکان و هێرشە پاکتاوکارییەکانی ساڵانی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی پلان بۆ داڕێژرابوو. راشیگەیاند، گەلی کورد ئەمڕۆش لەسەر پێیە و درێژە بە بەرخودانە شکۆمەندانەکەى دەدات.

دەستەى بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە بۆنەى ساڵیادی گەمارۆدانی شارەکانی باکووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، گەمارۆدانی شارەکان لە ساڵانی ٢٠١٥ – ٢٠١٦دا لە ژێر ناوی قەدەغەى هاتوچۆ، یەکێک لە گەورەترین دڕندەییەکان، پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بێ مافیی ئەم جۆگرافیایە بوو.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "قەدەغەى هاتوچۆ لە ١٦ی ئابی ٢٠١٥ەوە لە ناوچەى گمگمی موش دەستیپێکرد و لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا لە ناوچەکانی جزیرەی شرنەخ بە گەمارۆدانی ناوچەکە چووە ئاستێکی جیاوازەوە و بە کرداری فاشیستییانە و هێرشبەرانە چوونە سەر سلۆپی، هەزەخ، دێرک، نسێبین، گەڤەر، گمگم، فارقین و سوور و بە گشتی هێرشانە بۆ سەر ١١ شار و ٤٩ ناوچە بەڕێوەچوو و بەردەوامی پێدرا و بووە هۆی پاکتاوکردنێکی گەورەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانیی ئەنجوومەنی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی نێونەتەوەیی لە راپۆرتەکانیاندا سەرنجیان خستە سەر ئەو پێشێلکارایانە و ئەو راستییانە.

هەدەپە باسی ئەوەیکردووە، لە راپۆرتی زیاد رەعد حوسێن سەرۆکی کۆمسیۆنی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا، کە لە ١٠ی ئاداری ٢٠١٧ دا بڵاوکرایەوە تیایدا راگەیاندرابوو، لە ماوەى ١٨ مانگ دا لە ئۆپراسیۆنەکانی ئەو کاتەدا ٢ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی لێکۆڵینەوەى رێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ لە نێوان ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس بۆ ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار کەس لە مافی ژیان، ئاسایش و ئازادی بێبەشکرابوون و رایگەیاندووە، "ئەو گەمارۆدانەی سەر شارەکانی کوردان بۆ تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوەى دۆخ و پێگەى کۆمەڵایەتی – رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی – ئابووری و سیاسیی شارەکانی کوردان بەرێوەچوو و خواستیان ناوچەیەک سەرلەنوێ دیزاین بکەنەوە و بۆ بەدیهێنانی ئەوەش هەموو جۆرە کەرەستە و ئامڕازە دڕندانەکانیان   بەکارهێنا. هێزە توندوتیژکارە فەرمییەکانی هێزی تایبەتی جەندرمە (ژۆە - JOH) و هێزی تایبەتی پۆلیس (پۆه - POH) و هەروەها رێکخستنە میلیشیاییە کۆمەڵکوژکارەکانی وەک ئەسەدوڵا بە عەقڵییەتی فەتح کردنەوە هێرشیان کردە سەر گەلی کورد".

'بەرخودانی شکۆمەندانەى گەلی کورد بەردەوامە'

لە درێژەى راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا هاتووە، "هەموو ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی "پلانی تێکشکاندن" دا بەڕێوەچوون و لەو کاتەوە ئەو هێرشانە بەبێ وەستان بەردەوامییان هەیە. گەمارۆدانی شارەکان لە پێش هەموو شتێکەوە هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی سیستماتیک و سیاسەتی دوژمنی دەسەڵاتدار بوو لە دژی گەلی کرد. بە تانک، تۆپ و چەکی قورس شارەکانیان خاپوور کرد".

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، "ئەم خاکە هەزاران ساڵە هەموو جۆرە دڕندەیی، کۆچپێکردن و هەوڵی تێکشکاندنی بینیوە و سەرباری هەموو هەوڵەکان بۆ سوتاندن، رادەستکردن، سەرکوتکردن و بێدەنگکردن، بەڵام گەلی کورد هێشتاش لەسەر پێیە و بەرخودانە شکۆمەندانەکەى درێژە پێ دەدات".  

ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرباری ئەوەى ٥ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە قورسانەى دژ بە مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا لە دۆسیە و سکاڵاکاندا لە شرنەخ، جزیر، سلۆپی، نسێبین، سور، گەڤەر، فارقین، هەزەخ و کەربۆران دا هیچ هەنگاوێک نەنراوە و زۆرێک لە هەوڵەکانیش بێ ئەنجام کراون و ژمارەیەکی زۆریش لە بنەماڵەکان هێشتا تەرمی رۆڵەکانی خۆیان پێنەدراوەتەوە. دادگاش هەوڵی داوە و هەوڵ دەدات، کە خاپورکردنەکە و دڕندەییەکە پەردەپۆش بکات".

هەدەپە راشیگەیاندووە، "ئەو دڕندەیی و کۆمەڵکوژییە لە ویژدانی کۆمەڵگەدا مەحکوم کراوە. زوو یان درەنگیش بێت لە ئاستی یاسایی و مافەکاندانیشدا مەحکوم دەکرێت. ئێمە هەرگیز  ئەو ئازارە لە بیر ناکەین، کە گەلەکەمان کێشاوێتی و لە بیریشی ناکەین".

ژ.ت