هەدەپە جەژنی زمانی کوردی پیرۆز کرد

هەدەپە: جارێکی دیکە بانگەوازی دەکەین؛ پێویستە زمانی کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا بناسریت و قبوڵبکرێت. پێویستە کورد ببێتە زمانی پەروەردە و هەموو فشارەکانی سەر زمانی کوردی هەڵبگیرێت.

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١٥ی ئایار جەژنی زمانی کورد پیرۆز کرد.

راگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

" لەم سەدەی رابردوودا لەلایەک قەدەغە، ئاستەنگی و سیاسەتی تواندنەوە لەسەر زمانی کوردی، لەلایەکی دیکەوە بەرخۆدانی بێوەستان لەدژی ئەو سیاسەتانە بەردەوام بوون. ئەو عەقڵیەتەی کە لەناوبردنی زمانی کوردی کردووەتە ئامانج، لە سەدەی رابردوودا بە سیاسەتێکی رێکخراو هەوڵی ئەو ئامانجەی خۆیداوە.

١٥ی ئایاری ١٩٣٢ لە مێژووی تێکۆشانی دژی هێرش ق قەدەغە و لەناوبردنی کورددا، رۆژێکی مێژووییە. ئەو رۆژە بە پێشەنگایەتی جەلادەت عەلی بەدرخان و هاوڕێکانی، تۆی شۆڕشی رۆشنبیری و رۆناکبیری چاند و گۆڤارێکیان دەرکرد. هاوار لە مێژووی کورددا یەکەمین گۆڤارە کە بە پیتی لاتینی نووسراوەتەوە.

٩٠ ساڵ بەسەر دەرکردنی گۆڤاری هاواردا تێپەڕی. لەم ٩٠ ساڵەدا گۆڤاری هاوار بە هەموو شێوەیەک لە رووی بەرەوپێشەوەبردنی زمان و کەلتوری کوردیدا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە و مۆری خۆی لە مێژووی ڕۆشنبیری کوردی داوە. گۆڤاری هاوار پیشانیداوە کە خیرەت و خەبات بۆ زمانی کورد هیچ سیاسەتێکی لەناوبردن و تواندنەوە ناناسێت. بۆیەش گۆڤاری هاوار بە تەنها وەک گۆڤارێکی نییە، بەڵکو خوێندنگایەکە و ئەمڕۆ ئیلهان بە خەباتی کوردی دەدات. لەبەرئەوەش لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ١٥ی ئایار وەک جەژنی زمانی کورد پیرۆز دەکرێت.

لە مێژووی کوردا و زیاتر لە سەدەی رابردوودا، قەدەغە، فشار و تواندنەوە لەسەر زمانی کوردی کەم نەبووە. لەبەرئەوەی سەردەستەکان باش دەزانن کە رێگەی لەناوبردنی کۆمەڵگایەی، سەرەتا لەناوبردنی زمانەکەیەتی، بۆیەش بە هەموو هێزی خۆی بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی هەوڵیاندا. ئەم سیاسەتە ئەمڕۆ بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە. زمانی کوردی ئەمڕۆ زمانی پەروەردە نییە، منداڵانی کورد ئەمڕۆ بێبەشن لە پەروەردەی زمانی خۆیان. کورد لە گۆڕەپانی گشتی دوور دەخرێتەوە و بە فەرمی ناناسرێت. ئێمە ئەو سیاسەتە قبوڵ ناکەین و لەدژی ئەو سیاسەتە وەک رابردوو، ئەمڕۆ و سبەینێش بەردەوامی بە تێکۆشانمان دەدەین. جارێکی دیکە بانگەوازی دەکەین؛ پێویستە زمانی کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا بناسریت و قبوڵبکرێت. پێویستە کورد ببێتە زمانی پەروەردە و هەموو فشارەکانی سەر زمانی کوردی هەڵبگیرێت.

بەبۆنەی ئەم رۆژە و ٩٠مین ساڵیادی دەرکردنی گۆڤاری هاواردا، جەژنی زمانی کوردی، لە گەلی کورد، جەلادەت عەلی بەدرخان و هاوڕێکانی و لە هەموو خەمخۆر و خەباتکادر و دڵدارانی زمانی کوردی پیرۆز بێت."

ف.ق