هەپەگە: لە زاپ گورز لە داگیرکەران وەشێنرا

هەپەگە ڕایگەیاند کە گەریلاکانی بۆ پێشوازیی لە ساڵیادی قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ، سوپای داگیرکەری تورکی لە هەرێمی زاپ کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژی سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمی زاپ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی بەیانی، گەریلاکانی یەژاستار، لەسەر گردی شەهید مەروان، بۆ یادی قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ، چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا مۆڵگەیەکی دوژمن کرایە ئامانج و دوو سیستمی دووربینی چاودێریی تایبەت تێکشکێندران.

لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانیش هاتووە:

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، کاتژمیر ٠٩:٥٠ خولەک بۆ ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، مەیدانی کافیا لە هەرێمی گارە سێ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کرا.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ١٠:٤٥ خولەکی شەو، هێلیکۆپتەر بەسەر مەیدانەکانی تابوری عەرەبان و مەرڤانوس لە هەرێمی ئاڤاشین سووڕانەوە و ڕۆژەکەشی تۆنێلەکانی شەڕ لە مەیدانی گردی سۆر بە چەکی قورس تۆپباران کران.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ٠١:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، لە هەرێمی ئاڤاشین بە گازی کیمیاوی هێرش کرایە سەر تونێلەکانی شەڕ لە مەیدانی وەرخەلێ، هاوکات تونێلەکانی شەڕ چوار جار بە تەقەمەنی کرانە ئامانج، فڕۆکە سیخوڕییەکانیش بەسەر ئەو ناوچەیەدا سووڕانەوە.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ٠١:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، لە شارەدێی کانی ماسی سەربە ناوچەی ئامێدی دەوروبەری گوندەکانی ئێدینە، دێشیش و سەرەاڕوو تۆپباران کران.

لە کۆتاییش هاتووە: لەم هێرشانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوت.

ف.ق