ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە بارەی هێرشەکەی رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەم-ی هێزەکانی پەدەکە کە کردیانە سەر گەریلاکانی هەپەگە، راگەیێنراوێکی بلاو کردەوە.
لە راگەیێنراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:
"کاتژمێر ١٠:٠٠ی رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەم لە نزیک گوندی رەشانکی سەر بە ناحیەی زاویتەی سەر بە دهۆک، هێزە تایبەتەکانی پەدەکە ئۆتۆمبلێکیان وەستاندووە کە هەڤاڵانی ئێمە و ئەندامانی رێکخستنێکی دۆستی تێیدا بووە. هێزەکانی پەدەکە کاتێک بینییان گەریلا لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا هەن، بە سەختی دەستڕێژی گولەیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبیلەکە.
٣ گەریلا بریندار بوون کە برینی دووانیان سەختە
ئێوارەی ١٣ی کانوونی یەکەم لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ خولەکیش لە ناوچەیەکی نێوان هەردوو گوندی کانێ و سەرگەلێ-ی سەربە ناوچەی ئامێدی کە چەندین ساڵە ئۆتۆمبیلەکانمان لەوێ هاتووچۆ دەکەن، ئۆتۆمبیلێکمان لە لایەن زرێپۆشە پڕچەکەکانی پەدەکەوە گەمارۆ درا. ئۆتۆمبیلەکەمان بە بێ ئەوەی راوەستێت بەردەوام بوو لە رۆیشتن، بەڵام هێزەکانی پەدەکە ئۆتۆمبیلەکەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولە. بەو هۆیەوە شەڕ و پێکدادان روویداوە و لە ئەنجامدا ٣ لە هەڤاڵانمان بریندار بوون کە برینی دووانیان سەختە.
بە شێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبیلەکانمان
ئاشکرایە کە بڕیاریان داوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو رێگری لە ئۆتۆمبیلەکانمان بکەن و بە ئامانجیان بگرن. ئەو رووداوانەی روویان داوە، بە هۆی ئەو هێرشەوە بووە. بەرپرسیارێتی ئەو رووداوانەش لە ئەستۆی ئەو کەسانە دایە کە پلانیان بۆ هێرشەکە داناوە و جێبەجێیان کردووە."
ز.ش