ئاگری دارستانەکان دەڕنە لە سەلاسی باوەجانیی کرماشان هێشتا بەردەوامیی هەیە. قائیمقامی سەلاسی باوەجانی لە کرماشان رایگەیاندبوو، ئاگرەکەیان کۆنترۆلکردووە، بەڵام چالاکوانانی ژینگەپارێزی ناوچەکە رایانگەیاند، ئەو لێدوانە لەبارەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانەوە راست نییە.
یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی ئەو ناوچەیە، کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە نەیخواست ناوەکەى ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی راگەیاندووە، "لە رۆژی هەینیەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئاگربەربووەتە بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی دەڕنە و کۆگاە و بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە زۆر قورس بووە".
ئەوە لە کاتێکدایە یەدوڵا شوکری قائیمقامی سەلاسی باوەجانی بە راگەیاندنەکانی رژێمی ئێرانی راگەیاندووە، دوێنێ ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە باسی ئەوەیکرد، ئەگەری ئەوە هەیە ئاگرەکە بە ئەنقەست لەلایەن هێزە سەربازییەکانی رژێم لە ناوچەیەدا نرابێتەوە.
راشیگەیاند، سەرباری ئەوەى ژینگەپارێزان و هاووڵاتییان داوا لە بەرپرسانی رژێمی ئێران دەکەن، کە بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە کۆپتەری ئاگرکوژێنەوە رەوانەى ناوچەکە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو داوایە نەدراوەتەوە و بە پێچەوانەى ئیدعا و لێدوانی بەرپرسانی رژێم، هێشتا ئاگرەکە لە بەشێکی زۆری دارستانەکانی ئەو ناوچەیەدا بەردەوامە و نەکوژاوەتەوە.
ژ.ت