هێزەکانی رژێمی ئێران گەنجێکی کوردیان لە سنووری شەمزینان کوشت

هێزەکانی رژێمی ئێران لە ناوچەى سنووریی شەمزینان لە پارێزگای جۆلەمێرگ گەنجێکی کوردیان کوشت.

بەپێی زانیارییەکان، لە گوندی شکەڤتان لە ناوچەى شەمزینانی جۆلەمێرگ رۆستەم چاکماک-ی تەمەن ٢٠ ساڵ لەلایەن چەکدارانی رژێمی ئێرانەوە بە پاساوی 'بەزاندنی سنوور' و بەبێ دەستگیرکردن و بەبێ بڕیاری دادگا و یاسای بەزاندنی سنوور، راستەوخۆ تەقەیان لێکردووە و کوشتویانە.

تەرمی چاکماک لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە شوێنی رووداوەکە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی حکومیی شەمزینان.

رژێمەکانی ئێران و تورک هەموو ساڵێک دەیان هاووڵاتیی کورد لەسەر سنوورەکاندا دەکوژن. لە چوارچێوەی ئەو کوشتارانەیاندا بە شێوەیەکی تایبەت و بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرش دەکەنە سەر کۆڵبەرەکان و دەیانکوژن و برینداریان دەکەن و دەست بەسەر بارەکانیاندا دەگرن و تاڵانیان دەکەن.

ژ.ت