جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم

لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بۆ سێیەم جار بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری سەر بە ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ.

دوای ئەوەی لەبارەی رادەستکردنی داهاتی غاز و نەوتی باشوری کوردستان گرژی کەوتە نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی باشوری کوردستان، لە ٢٢ی ئەم مانگەدا بە کاتیوشا هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی سروشتی کۆرۆمۆر لە ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێیەم جارە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەکە، تاوەکو ئێستاش زیانەکان نەزانراون.

لە لایەکی دیکەوە بە پێی زانیاریەکان، سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاراستەی گوندی خدر وەلیدی نزیک لە کێڵگەکە دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە. هەروەها هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆر، پۆلیسی نەوت و غازی باشوری کوردستانیش لەو سنورە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەرچەندە پێشتر لەنیوان هەردوولادا لە ناوچەکە هەماهەنگی هەبووە، بەڵام لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بێ ئاگاداری هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە و ئەگەری ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان هەردوولادا هەیە کە گۆمان دەکرێت، هێزە عێراقیەکان هەوڵ بدەن دەست بەسەر کێڵگەکانی ناوچەکەدا بگرن.

ف.ق