جۆلەمێرگ بە قەدەغەکاری گەمارۆدراوە

قەدەغەکاری بە ناوی "ناوچەى ئەمنیی تایبەت" دەسەپێنرێت و خاڵی پشکنین دادەنێن و رێگری لە رۆیشتن و هاتنی هاووڵاتییان بۆ کوێستانەکانی جۆلەمێرگ دەکەن و بەوەش جۆلەمێرگیان وەک زیندان لێکردووە.

سەدا ٨٠ی جۆگرافیای جۆلەمێرگ و ناوچەکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە قەدەغەکاریی بەسەردا سەپێنراوە. خەڵکی ئەو ناوچانە ناتوانن مەڕەکانیان ببەن بۆ کوێستانەکان و بیان لەوەڕێنن.

پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە هەموو ١٥ رۆژێک جارێک قەدەغەکردنی چالاکییەکان و خۆپیشاندان لە جۆلەمێرگ درێژ دەکاتەوە و لەو رێگەوە تۆڵە لە خەڵکی دەکەنەوە. هاووڵاتییانی جۆلەمێرگ دەڵێن، سەدا ٨٥ی دانیشتوان و دەنگدەرانی جۆلەمێرگ دەنگیان بۆ هەدەپەیە و لەبەر ئەوەش رژێمی ئاکەپە قەدەغەکاریی چڕ و بەردەوام بەسەر جۆلەمێرگ و جۆلەمێرگییەکاندا دەسەپێنێت.

لەو قەدەغەکارییانەى پارێزگارەکەى دەوڵەتى تورکدا، کە هەموو ١٥ رۆژ جارێک درێژییان دەکاتەوە، هەڵدانی باڵۆنیش بە قەدەغەکارییەکان زیاد کراوە. هەروەها بۆ ئەو قەدەغەکارییانە دەڵێت، 'جگە لە دام و دەزگا گشتی و حکومیەکان' و بەوەش نیشانی دەدات، کە قەدەغەکارییەکە تەنها لە دژی هاووڵاتییانی کوردە. ئەو قەدەغەکارییانە بۆ ئەوەیە ناوچەکە لە مرۆڤ چۆڵ بکەن و کۆتایی بە کاری ئاژەڵداری بهێنن، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی خەڵکی ناوچەکەیە. هاووڵاتییانی گوندەکان ماوەی چەند ساڵە ناتوانن مەڕەکانیان ببەن بۆ کوێستانەکان و لەوەڕگەکان، چونکە زۆربەى هەرە زۆری کوێستانەکان و لەوەڕگەکان لە هاووڵاتییان و ئاژەڵدارەکان قەدەغە کراوە.

بۆ قەدەغەکردنی کوێستانی بەرچەلان یاسای تایبەتیان دەرکردووە

کوێستانی بەرچەلان لە جۆلەمێرگ ناوەندی ئاژەڵدارییە و یەکێک لەو ناوچانەیە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە هاووڵاتییان و ئاژەڵدارەکان قەدەغە کراوە. کوێستانی بەرچەلان ١٨ کیلۆمەتر لە ناوەندی جۆلەمێرگەوە دوورە و لە هەمان کاتدا شوێنی میونداریکردنە لە شای و ئاهەنگ و فێستیڤاڵەکانی خەڵکی جۆلەمێرگ، بەڵام خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەى بڕۆن بۆ کوێستانی بەرچەلان ناچارن لە پارێزگاری جۆلەمێرگ، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و سوپای تورک مۆڵەت وەربگرن.

دانیشتوییەکی ئەو ناوچەیە کە ساڵەهای ساڵە کاری ئاژەڵداری دەکات لەو بارەیەوە وتی، "رێگا بە هیچ کەس نادەن بڕوات بۆ کوێستانەکان. ئێمە تەنانەت ناتوانن ئەندامانی خێزانەکەى خۆشمان ببەین بۆ کوێستانەکان. بە بەردەوامی و هەر ٢٤ کاتژمێری شەو و رۆژ فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی چاودێری و کۆپتەر بەسەر سەرماندا دەسوڕێتەوە. سەربازەکان لێرە نابڕێن و بەردەوامیش ژمارەیان زیاد دەکات. هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت بێت بۆ کۆێستانەکان بە دڵنیاییەوە دەستگیری دەکەن".

ژ.ت