جەمیل هەورامی: پێویستە دەروازەی سێمێڵکا بە ڕووی هاوکارییە مرۆییەکاندا بکرێتەوە

جەمیل هەورامی سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بە گەلی ڕۆژئاوا داوای کرد، دەروازەی سێمێلکا بکرێتەوە.

ئەمڕۆ جەمیل هەورامی سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان لە  شاری سلێمانی بە مەبەستی دابینکردن و گەیاندنی هاوکاریی مرۆی بە گەلی ڕۆژئاوایی کودستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و بانگەوازی لە ئیدارەی باشووری کوردستان کرد بە زووترین کات دەروازەی سنوری سێمێڵکا بکاتەوە.

هەورامی لە قسەکانییدا جەختی لەوەکردەوە، وەک کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان ڕێز لە ئیرادەی خەڵكی سوریا دەگرین لە دیاری كردنی ئایندەی خۆیان، بەتایبەت خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان، هیوادارین لە حکومەتی نوێی سوریادا هەموو پێكهاتەكان نوێنەریان هەبێ.

'دەروازەی سێمێڵکا تاکە دەروازەیە بۆ گەیاندنی هاوکاری'

 هەر لە قسەکانییدا هەورامی ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا تاكە ڕێگە كە بتوانین هاوكاریەكانمان بگەیەنینە ڕۆژئاوا دەروازەی سنووری سێمێڵكایە، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە داخراوە، بەهۆی ئەوەی شەڕ و پیكدادانەی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، داواكارین دەروازەكە بكرێتەوە، بۆ ئەوەی پێداویستیە تەندرووستییەكان بگەیەنرێتە ڕۆژئاوا.

باسی لەوەشكرد، بەهۆی ئارامی ناوچەكانی لە ژێر دەسەڵاتی هێزە كوردییەكان، هاوڵاتیانی سووریا ڕوو لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەكەن ئەمەش بارگرانی بۆ ڕۆژئاوا دروستكردووە و پێویستیان بە هاوكاری زیاتر دەبێت.