کامەران بەرورای: رێککەوتنی سەر شەنگال بەردەوامیی هێرشەکانی داعشە

دکتۆر کامەران بەرواری هاوسەرۆکی بەرەی دیموکراتیکی گەل و ئەندانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند، رێککەوتنی پەدەکە – بەغدا لەسەر شەنگال بەردەوامیدانە بە هێرشەکانی داعش و داوای خاوەنداریکردنی لە شەنگال کرد.

حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ رێککەوتنێکیان لەسەر شەنگال ئیمزا کرد و لەو رێگەیەوە نکۆڵی لە ئیرادە و خواستی خەڵکی شەنگال و دام و دەزگاکانیان کران. ئەو رێککەوتنە ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەى ئێزدی و زۆرێک لە لایەنەکانی لێکەوتەوە. لەو رێککەوتنەدا داوا کرابوو ناوەندەکانی ئاسایشی ئێزدخان دابخرێن و زیاتر لە ٨ هەزار سەربازی رەوانەى ناوچەکە بکرێت. دوای ناڕەزایەتییەکان بەرپرسانی عێراق ناچاربوون چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال دا بکەن. لەو چاوپێکەوتنەدا بڕیار درابوو، کە ناوەندەکانی ئاسایشی ئێزدخان لە شەنگال، سنون و خانەسۆر دانەخرێن.

دکتۆر کامەران بەرواری هاوسەرۆکی بەرەی دیموکراتیکی گەل و ئەندامی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی هۆکار و دەرەنجامەکانی رێککەوتنەکەی شەنگال و قەیرانەکانی هەرێمی فیدراڵی باشووری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

"دەیانەوێت کورد بێ تێز و کیان بێت"

بەرواری باسی ئەوەیکرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەندێک هێز دەیانەوێت بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان سەرلەنوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین بکرێتەوە و وتی، "گەلی کوردستان زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە لە تێکۆشان و بەرخودانێکی گەورەدایە. بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە داگیرکراوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کورد یەکێتی و پێگەى نییە، خاکی کوردستان داگیر دەکرێت. دوای ٤٠ ساڵ تێکۆشانی کوردان چووەتە قۆناغێکی جیاواز و نوێ. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی ٢١ دا سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، دوای ئەوەى لە ساڵی ١٩٨٠دا شەڕی ئێران و عێراق روویدا، شەڕی یەکەم م دووەمی کەنداو تاوەکو ١٩٩٩ بەردەوام بوو و تەنانەت هێزەکان ئەمریکا هاتن بۆ عێراق و خۆیان جێگیر بوون. هەندێک هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیانەوێت ناوچەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ بەپێی خواست و بەرژەوەندیی کەسی ئەوان دابڕێژرێتەوە و لەو داڕشتنەوە و دیزاینەدا کورد هیچ مافیکی نەبێت. گەلی کورد لەگەڵ تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا هیچ تێگەیشتن و بەرژەوەندییەکی نییە، چونکە ئەوانە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە و بەسەر خۆیاندا دابەشیان کردووە. لە دژی ئەو داگیرکەرییە ئیرادەیەکی بەهێزی کورد لە سێ خاڵدا ئافرێنراوە، خاڵی یەکەم: رزگارکردنی کوردستانی گەورە. خاڵی دووەم: ئازادیی گەلی کورد و کوردستان و خاڵی سێیەمیش: پێگە و کیانی کوردانە. با هەموو گەلانی جیهان ئەوە بزانن، کە کورد لە ئەمڕۆ بە دواوە بێ پێگەبوون و بێ کیانبوون قبوڵ ناکات و هەرگیزیش قبوڵی نەکردووە".  

"باشوور و عێراق هاوکاری هێرشن بۆ سەر شەنگال"

بەرواری سەرنجی خستەسەر رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر شەنگال و وتی، "پیلانگێڕی لە شەنگال بەردەوامیی هێرشی چەتەکانی داعشە، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی ئەنجامدرا. کاتێک لە ١ی ٦ی ٢٠١٤دا لە شاری عەمانی پایتەختی ئوردون ئەو پیلانگێڕییە پلانی بۆ دانرا، ١١ هێز و لایەنگری کوردستانی لەو کاتەدا لەگەڵ داعش بوون و دەستیان بە پلانی هێرش بۆ سەر خاکی کوردستان کرد. ئەو پیلانگێڕییە هێشتا بەردەوامیی هەیە و کۆتایی پێنەهاتووە. هەروەها دەوڵەتانی دراوسێ و ٧ وڵاتی نێودەوڵەتی لەو پیلانگێڕییەدا بەشدارن. داگیرکردنی شەنگال لە ٣ی ٨ی ٢٠١٤دا و هەروەها رێککەوتنی ٩ی ١٠ی ٢٠٢٠ لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال، هەر دوکیان یەک شتن و هیچ جیاوازییەکی ئەتۆیان نییە. هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا نیوەناچڵ مایەوە، ئەمڕۆ ئەو هێزانە دەیانەوێت ئەو هێرشە، کە نیوەناچڵ ماوەتەوە تەواو بکەن. ئامانجی هەر دوکیشیان یەک شتە. هاوکارانی ئەو هێرشانە بۆ سەر شەنگال باشوور و عێراقن. دەیانەوێت بەو هێرشانە کۆمەڵگەى ئێزدی لە یەکتر داببڕن و کۆمەڵگە پارچە پارچە بکەن".

بێرێزیەکانی پەدەکە و عێراق قبوڵناکرێن

بەرواری باسی ئەوەی کرد کە ناحەقیەکەی شەنگال لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە ئەنجام دەدرێت و وتی، "دوای کۆبوونەوەی ئوردون و ئەنقەرە بریاری ریکەوتن لە دژی شەنگالدرا. هێزە داگیرکەرەکان دەیانەوێت بەرماوەکانی چەتەکانی داعش لە هەرێمەکە جێگیر بکەن. ئەو هێزە داگیرکەرانە دەیانەویت نەخشەی شەنگاڵ نەهێڵن و بەپێ بەرژەوەندی خۆیان بەڕێوەی ببەن. ئەو هێزانە بە باشی دەزانن خۆسەری شەنگال، کۆتایی بە دیکتاتۆری هەموو پارچەکانی کوردستان دەهێنێت. ئەوەش بۆ خۆیان وەک هەڕەشە دەبینن و دەیانەوێت خۆسەری شەنگال تێک بدەن. بەم پەیمانە دەیانەویت پەیام بە هەموو گەلانی عێراق و کوردستان بدەن کە هیچ کەسیک باس لە ماف و داواکاری رەواکانی نەکات. هەر هەرێمێک مافی خۆسەری و ئۆتۆنومی بە رەنگی خۆی هەیە. کەس مافی نییە، دەستوەردان لە کاروباوری شەنگالدا بکات. بێرێزی و گەورەترین شەرم ئەوەیە کە پێشمەرگەکانی پەدەکە و هێزە عێراقیەکان، خەڵکی ئیزدیان بە تەنها هێشتەوە و هەڵهاتن. ئەوانەی شەنگالیان بەجێ هێشت لە بەردەم مێژوودا دادگایی دەکرێن. گەورەترین بێرێزی ئەوەیە کە دوای ٦ ساڵ دێنە هەرێمەکە و دەڵێن، کۆمەڵگای ئێزدی من بەڕێوەت دەبەم. هێرش سەر شەنگال و بێرێزی پێشمەرگەکانی پەدەکە هیچ کاتێک لە مێژووی کوردستاندا لەبیرناکرێت. لە دەرەوەی هێزەکانی شەنگال هیچ هێزێکی تر مافی نییە، ڕوو لە شەنگال بکات. خاوەنی شەنگال ئەوانەن کە لە بەرەی بەرخۆداندا خەباتیان کرد و شەهید بوون. خاوەنی شەنگال، خانەوادەی شەهیدان و هێزی پاراستنی شەنگالە."

'گەلی شەنگال بەرخۆدان دەکات'

بەرواری ئاماژەی بەوەدا کە دوای ریکەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لەسەر شەنگال، لەنێوان مستەفا کازمی سەرۆکوەزیری عێراق و پەدەکەدا بە چاودێری نەتەوەی یەکگرتووەکان و تا ئێستا، ئێزیدان لەسەر پێن و وتی، "گەلی شەنگال بە هەموو شێوەیەک بەرخۆدان دەکات و چالاکیەکانی بە شێوەیەکی دیموکراتیانە بەردەوام دەکات. نارەزایی خۆی و مەترسی سەر خۆیان ئاشکرا دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا جموجووڵی سەربازی بەردەوامە و دەیانەوێت بەدەیان هەزار هێزی چەکدار بۆ شەنگال بگوازنەوە. ئێستا پێویستی شەنگال بە هێزێکی دەرەکی نییە، هێزی پاراستنی شەنگال کە لە کچ و کوڕەکانی ئێزیدخان پێک دێت، دەتوانن شەنگال بپارێزن. کچ و کوڕی ئێزدی لە بەرانبەر هەموو هێرشیکی دەرەوە و ناوخۆ لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا، گەل و دەستکەوتەکانیان پاراست. رێکەوتنێک بێ خەڵکی ئێزدی قبوڵ ناکرێت. بەم پەیمانە دەیانەویت خۆسەری شەنگال لەناوببەن و هیچ شتێک بەناوی کۆمەڵگای ئێزدی نەهێڵن. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە پیلانگێڕی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر خەڵکی ئێزدی و هەموو کوردان هەیە. هێزە پیلانگێڕەکان دەیانەویت، پیلانە قێزەونەکەیان لەسەر شەنگال تاقیبکەنەوە و دواتر ڕوو لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بکەن. ئیرادە و بەرخۆدانی شەنگال دەتوانێت پیلانگێڕیەکە پووچەڵ بکاتەوە. پێویستە هەموو گەلی کوردستان و لایەنگرانی دیموکراسی لەدژی ئەم پیلانگێڕیە بوەستنەوە و لە ریزی کۆمەڵگای ئێزدیدا جێی خۆیان بگرن و ڕێگا بە فەرمانێکی تر نەدەن. لەبەرئەوەی ٦ ساڵە برینی ئێزدیان ساڕێژ نەبووە و ڕێگا نادەن برینەکە دەرمان بکرێت."

'بەرهەمی خوێنی شەهیدان بپارێزن'

دکتور کامەران بەرواری هاوسەرۆکی بەرەی دیموکراسی گەل و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە کۆتایی قسەکانیدا بانگی لە رای گشتی کوردستان کرد و وتی، "پێویستە چوار بەشی کوردستان لە دەوری شەنگال، هێزەکانی پاراستنی شەنگال، کچ و کوڕی شەنگال کۆببنەوە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان بپارێزن. لە هەمانکاتدا داوا لە پارتە سیاسیەکان هەمووان و هێزە نەتەوەییەکان هەمووان دەکەن، لە بەرانبەر فەرمانێکی نوێ بێدەنگ نەمێنن. ئەگەر شەنگال چۆڵ بکرێت، پارچەیەکی کوردستان چۆڵ دەکرێت. بۆ پاراستنی شەنگال هەرچیەک لە دەستمان دێت، پێویستە درێغی نەکەین.

ژ.ت / ف.ق