کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٦ ى ئەیلولی ٢٠١٨ لە ئەنجامی هێرشی سوپای پاسدارانی داگیرکەری ئێران بۆ سەر گروپێک لە گەریلا لە نزیک شاری سەقز، ئارگەش کارزان، تۆڵهڵدان، دلۆڤان و ڕۆژهات، کە ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریمان بوون پاش بەرخۆدانێکی گەورە شەهیدکران، ئەو پێشەنگانە، بە خەباتی بێکۆتایی و فیداکاریی خۆیان بوون بە نمونەی گەریلای سەردەم بۆ هەڤاڵانیان، خەبات لە شوێنە جیاوازەکانی پارێزگای سنە و پێشخستنی خەباتی ڕزگاریی ڕەوای گەلەکەمان لە هەموو جێگایەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاواتی ئەوان بوو.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئامانجی ڕژێمی داگیرکەری ئێران لە شەهیدکردنی ئارگەش و هاوڕێکانى دوو ڕۆژ پێش لەسێدارەنى زانیار و لوقمانی مورادی و ڕامین حوسێن پەناهی، درێژەدان بوو بە سیاسەتی ترس و تۆقاندن و خێراکردنى ڕەوتی کۆمەڵکوژکردنی گەلى کورد، بەڵام بە بەرخۆدانی هێزەکانی گەریلا و گەلەکەمان ئەوە پووچەڵ کرایەوە.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا وتویانە، ئەم هێرشانەی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی قۆناغی دووەمى حیماسهی قەندیل لە ۲۰۱۱ و شەهیدبوونی فەرماندە سمکۆ سەرهلدان (ماجد کاویانی)، کە بە واتای درێژەدان بە سیاسەتی شکستخواردووی کۆمەڵکوژی دێت.
باسیان لەوەشکردووە، خەباتی ئەمڕۆی هێزەکانی گەریلا کە بەشێوەی بەردەوام لە گەشەکردن و پێشکەوتندایە، لە سێبەری شەهیدبوونی ئارگەش، تۆلهلدان و ڕۆژهاتدا، سیاسەتەکانی کۆمەڵکوژیی سەر گەلەکەمانى پوچەڵکردەوە، چونکە شەهیدبوون نرخى ڕێگرییە لە کۆمەڵکوژیی گەلى کورد.
کۆدار ئەوەشیان خستۆتەڕوو، سەرەڕای بەرزڕاگردنی یاد و بیرەوەری ئارگەش، تۆڵهلدان، دلۆڤان و ڕۆژهات، و زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حۆسێنپەناهی، داوا لە گەلەکەمان لەوانە؛ ژنان، گەنجان و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگاکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین تا لە قۆناغی ئێستادا بۆ پارێزگاری لە یاد و بیرەوەرییەکانی ئەو شەهیدانە پارێزگاری لە ڕێبازەکەیان بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەمساڵ بە ڕاگەیاندنی کەمپەینی ‘نا بۆ لە سێدارەدان، بەڵێ بۆ دیموکراسی’ ڕەوابوونی ڕێبازی تێکۆشانی گەلەکەمان بە جیهان ڕادەگەیەنین هەر بۆیە پێویستە هاوڵاتییان و کۆمەڵگای فیداکاری کورد پاڵپشتی لەو کەمپەینە بکەن تا خەباتی ڕۆڵە فیداییەکانی گەلەکەمان بگاتە لوتکەى ئازادی.
ف.ق