خەلیل گونەش زیندانیی سیاسیی نەخۆش لە زیندانی دەوڵەتی تورک دا گیانی لەدەستدا
زیندانیی سیاسیی نەخۆش خەلیل گونەش، کە بە بەردەوامی داوای ئازادکردنی ڕەتدەکرایەوە، لە زیندانی دەوڵەتی تورک دا گیانی لەدەستدا.
زیندانیی سیاسیی نەخۆش خەلیل گونەش، کە بە بەردەوامی داوای ئازادکردنی ڕەتدەکرایەوە، لە زیندانی دەوڵەتی تورک دا گیانی لەدەستدا.
زیندانیی نەخۆش خەلیل گونەش سەرلەبەیانی دوێنێ ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە زیندانی ژمارە ٢ی جۆری ئێف لە ئامەد کۆچی دوایی کرد. ئەو زیندانییە نەخۆشە لە لیستی زیندانییە نەخۆشەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا بوو و سەرەڕای ئەوەی چەندینجار داوای ئازادکردنی کرابوو، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی تورکەوە ئازاد نەکرا.
گونەش لە ٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٣ لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا دەستگیرکرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. گونەش ماوەیەکی زۆر بوو بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی سی و ئێسکەوە چارەسەریی وەردەگرت. لە ماوەی زیندانیکردنەکەیدا ڕاگوێزراوە بۆ ١٥ زیندانی جۆراوجۆری تورکیا.
تووشی چەندین نەخۆشیی قورسی هەبوو، بەڵام ئازادیان نەدەکرد
نەخۆشییەکانی دوای ئەشکەنجەدانێکی توند دەرکەوتن، چونکە پەراسووی شکابوو، دڵ و سییەکانی زیانی قورسیان بەرکەوتبوو و توشی خوێنبەربوون بوو بوون و بەو هۆیەوە نەیدەتوانی بە باشی هەناسەی بدات. بەهۆی سەختیی دۆخی زیندانەوە نەخۆشییەکانیشی زیادیانکرد.
لە ساڵی ٢٠٠٧دا و کاتێک نەشتەرگەری بۆ پەراسووەکانی کرا دەیان گرێی یەک سانتیمەتری لە سییەکانیدا دۆزرایەوە و ئەوەش دەرکەوت، کە تووشی شێرپەنجەی ئێسکیش بووە.
گونەش دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کرا و لە ساڵی ٢٠٠٩دا پزیشکەکان ڕایانگەیاند، تووشی نەخۆشی قورسی گرتنی بۆرییەکانی سی و هەناسە (COPD) و بڕینی هەناسە لە کاتی خەودا (Apnea) بووە. بۆ ئەوەش پزیشکەکان ڕایانگەیاند، دەبێت تا کۆتایی تەمەنی بە ئامێری هەناسەدان بخەوێت و لە ڕۆژیش دا ماسکێکی ئۆکسجین بەکاربهێنێت.
بەهۆی ئەو دەرمانانەی بەکاری دەهێنان تووشی نەخۆشییەکانی وەک بورانەوە، گلۆکۆم (ئاوی رەشی چاو) و بەردی گورچیلە بوو بوو. بەهۆی سکاڵای پارێزەرانەوە نەخۆشخانەی فێرکاری و لێکۆڵینەوەى ئامەد راپۆرتێکی بە ناوی "ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە" دابوو بە دەزگای پزیشکیی داد. دەزگای پزیشکیی داد، کە دەزگایەکی سەر بە دەوڵەتی تورکە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا ڕاپۆرتێکی نوێی ئامادە کرد و بڕیاری دا، کە گونەش دەتوانێت بە تەنیا لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپ و قورسی تەندروستی و شێرپەنجەی سەختەوە دیسانەوە پارێزەران لە تەمموزی ٢٠١٤دا داوای ئازادکردنیان کرد و بۆ ئەوەش راپۆرت و سکاڵایەکیان پێشکەشی دادگای دەستووری کرد، بەڵام لەوەش هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست نەهێنرا.
لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا خوشکی خەلیل گونەش لە ٤٤٥هەمین چالاکیی دانیشتنی کۆمسیۆنی زیندانیانی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئیستەنبول رایگەیاندبوو، "بە ئەنقەست مردن بەسەر براکەمدا دەسەپێنن".
دەرمانی چارەسەریان لێ بڕیبوو
لە دوای ئەوەى خەلیل گونەش زیندانیی سیاسیی کورد دوێنێ ١٥ی کانوونی یەکەم لە زیندان گیانی لە دەستدا، بنەماڵەکەى لە ئەدەنەوە خۆیان گەیاندە بەردەم دەزگای پزیشکی دادی ئامەد. هەروەها رێکخراوەکانی کۆمەڵەى بنەماڵەى زیندانیان و دەستگیرکراوان (توهای دەر / TUHAY-DER)، فیدراسیۆنی کۆمەڵەی پشتگیریی یاسایی لە بنەماڵەی دەستگیرکراوان و سزادراوان (مەد توهاد فەد - MED TUHAD-FED)، کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە / OHD) و بنەماڵەى ئەو زیندانیانە، کە ماوەی زیندانیکردنی رۆڵەکانیان تەواو بووە و دەوڵەتی تورک ئازادیان ناکات و ماوەی ٣٠ رۆژە لە چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەریدان، رۆیشتنە بەردەم دەزگای پزیشکیی داد لە ئامەد.
پارێزەر ئاسلیخان بولوت، کە هاوکات بەڕێوەبەری توهای دەرە رایگەیاند، چەند رۆژ لەوە پێش گونەش بۆ پشکنینی پزیشکی براوە بۆ نەخۆشخانە و لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ زیندان گونەش داوایکردووە ببرێتە ژووری تاکە کەسی تاوەکو نەخۆشییەکەی لەلایەن پاسەوانەکانی زیندانەوە نەکرێتە پاساو بۆ رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی راستەوخۆ و رووبەڕووی زیندانیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکانیاندا. بولوت ماوەى ٥ رۆژ لە ژووری تاکە کەسیدا بووە و رۆژی ٥هەم و لە کاتی سەرژمێریکردنی زیندانیاندا بینراوە گیانی لە دەستداوە. بولوت وتیشی، "ماوەیەکی زۆر بوو دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنجە بە گونەش نەدرابوو. بۆ ئەوەش چەندینجار داوا و نوسراو بە بەڕێوەبەریی زیندان دراوە، بەڵام داواکاریی پێدانی دەرمانیان جێبەجێ نەکردووە".
تەرمەکەى لە ئەدەنە بە خاک دەسپێردرێت
لە دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، بنەماڵەکەى تەرمی خەلیل گونەشیان لە پزیشکیی داد لە ئامەد وەرگرتەوە و بە رێکخستنی مەراسیمێک بەرەو ئەدەنەیان برد تاوەکو لەوێ بە خاکی بسپێرن.
مەراسیمی بەرێکردنی تەرمی خەلیل گونەش بە ئامادەبوونی ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپە، نوێنەران و بەڕێوەبەرانی توهای دەر، مەد توهاد فەد، ئۆهەدە و هەدەپە و چەندین کەسایەتی و وڵاتپارێز بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا دروشمەکانی "شەهید نامرێ"، "بژی بەرخودانی زیندانیان" و "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" دەوترانەوە.
پۆلیسی دەوڵەتی تورک هەوڵیدا رێگری لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی ئەو رۆڵە تێکۆشەرەی گەلی کورد بکات، بەڵام گەل بە وتنەوەى دروشم و چەپڵەلێدان رێگرییەکەی پۆلیسیان ئیدانە کرد و سەرباری رێگرییەکانی پۆلس، بە مەراسیمێکی بە شکۆ تەرمەکەیان بەرێکرد.
ژ.ت