لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ئەنجومەنی گەلی سنونێ بە بۆمب تەقێندرایەوە و بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی ساڵح ماسۆ شەهید و ٨ کەسی دیکەش برینداربوون. یەک لە بریندارەکان بە ناوی ئیبراهیم دەروێش عەڤدی بەهۆی سەرختی برینەکانیانەوە، دوای هەفتەیەک لە نەخۆشخانەی موسڵ گیانی لەدەستدا. سیخوڕەکانی میت و پەدەکە دانیان بەوەدا نا کە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بوونە هۆکاری شەهیدبوونی ئەو کەسانە. لەبارەی ئەو بابەتەوە هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال، کە ئەو کات هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی ناوچەی سنونێ بوو، خودیدا ئەلیاس قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی، "تەقاندنەوەی ئەنجومەنی گەلی سنونێ وەک رۆژی فەرمانەکە بە ئازار بوو".
خودیدا ئەلیاس ئەوەی خستەڕوو کە ئەنجومەنی گەلی سنونێ لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە سەر داوای گەلی سنونێ دامەزرابوو و سەبارەت بە کار و چالاکی ئەنجومەنەکەش وتی، "گەلی سنونێ بە دەوری ئەنجومەنەکەیانەوە کۆبوونەوە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی دامەزراندنی شەنگال لە ٢٠١٥ دا پێکهات، دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێی بەدواداهات. ئەو کاتە نە عێراق لە ناوچەکەبوو نە پەدەکە لەسەر ئەم خاکەمابوو، هەموویان پشتیان لەگەلی ئێزدی کردبوو. لەو هەلومەرجەدا دامەزراندنی ئەنجومەن شتێکی ئاسایی نەبوو. بەڵام لە سایەی ئەو کەسانەی لە چیا خۆڕاگرییان کرد ئەنجومەنەکە لەسەر قاچی خۆی مایەوە و لە عێراق بووە مۆدێلێک".
"لەبەر ئەوە بڕوامان بە کەس نەما ئەنجومەنەمان دامەزراند"
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال خودیدا ئەلیاس ئەوەی خستەڕوو کە دامەزراندنی ئەنجومەنی خۆبەڕێووەبەری و لقەکانی بەهۆی هەڵاتنی پەدەکە و نەپاراستنی شەنگالە لەلایەن حکومەتی بەغدا و بەم جۆرە روونیکردەوە، "کە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا کەس شەنگالی نەپاراست و رووبەڕووی قڕکردنیان کردنەوە، ساڵی ٢٠١٧ جارێکی دیکە پەدەکە پشتی لە گەلی ئێزدی کرد و لە شەنگال هەڵات. کۆمەڵگەی ئێزدی بڕوا و متمانەی بە هیج هێزێک لە دەرەوەی شەنگال نییە. هۆکاری ئەوەی ئەنجومەن دامەزرا ئەوەبوو کە هێزی سەربازیمان هەبێت و خۆمان بەڕێوەببەین".
'زۆر جار هەوڵیاندا سیستمی خۆبەڕێوەبەری تێکبشکێنن
خودیدا ئەلیاس ئاماژەی بەوەکرد، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێزە دەسەڵاتدارەکان زۆر جار هەوڵیاندا لە رێگەی کردنە ئامانجی فەرماندە و پێشەنگەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی وا لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن هەنگاو بۆ دواوە بنێین و خۆبەڕێوەبەری شەنگال بێ کاریگەر بکەن. هەربۆیەش جگە لە کردنە ئامانجی ئەو فەرماندە و پێشەنگانە ئەنجومەن و دامەزراوەکانیش کرانە ئامانج. بەڵام هەموو ئەوانە کاریگەری نەکردە سەر کۆمەڵگاکەمان و خەباتی خۆمان بەهێزتر و بەرفراوانتر کرد.".
'پەدەکە بەم هێرشە جارێکی دیکە رووی رەشی خۆی نیشاندایەوە'
خودیدا ئەلیاس باسی لەوەکرد، لە کاتی تەقاندنەوەی ئەنجومەنەکەدا زۆر کەسی سەر بە پەدەکە لە راگەیاندنەکانەوە قسەیان کرد و وتیان لە ئەنجومەنی سنونێدا کۆبوونەوەی پەکەکە هەبووە و ١٥ بەرپرسیان کوژراون، بەڵام ئەوانەی شەهیدبوون گەلەکەمان بوون، بەڵام تائێستا پەدەکە پێی قورسە بەوانە بڵێ شەهید. ئایا ئەوانەی شەهیدبوون کێ بوون؟ منداڵێک بە ناوی سەلاح ناسۆ و چالاکوانێکی ئێزدی بە ناوی ئیبراهیم دەروێش عەڤفی. ئایا ئەوانە فەرمانەدەی پەکەکەن یان منداڵ و هاورێیەکی ئێمە بوون؟ پەدەکە لە رێگەی ئەو هێرشەوە جارێکی دیکە رووی رەشی خۆی بە کۆمەڵگەی ئێزدی نیشاندا. هۆکاری تەقینەوەکەش ئەوەبوو کە لەو رۆژانەدا گەلەکەمان لە کەمپەکانەوە دەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و ویستیان خۆیان بێبەری بکەن، بەڵام دوای گرتنی سیخوڕەکانی میت و پەدەکە جارێکی دیکە ئاشکرابوو کە دەستی ئەوانی تێدایە و ئامانج و مەبەستەکەیان چییە".
'تەقاندنەوەی ئەنجومەن وەک بەشێک لە فەرمان بوو'
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال خودیدا ئەلیاس سەبارەت بە ساتی بیستنی تەقینەوە لە ئەنجومەنی گەلی سنونێ، وتی:" ئەو ساتەی هەواڵەکەم بیست وەک رۆژی فەرمان بوو. لەبەر ئەوەی ئەنجومەنەکەمان بە ماڵی خۆمان دادەنا، ئەوەندەی لەوێ بووین لە ماڵی خۆمان نەبووین، زۆر جار هەستی ئەوەم هەیە کە ئەوەی تەقێندراوەتەوە، ماڵەکەی خۆم بووە نەک ئەنجومەنی گەل".
'پەدەکە و میت گەنجان دەکەنە سیخوڕ'
خودیدا ئەلیاس باسی لە سیخوڕەکانی پەدەکە و میت کرد و داوای لە بنەماڵە ئێزدییەکان کرد کە رێگەنەدەن بکەونە داوی دوژمنی ریشەی خۆیان و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "یەک لەوانە هەموو رۆژێک سەردانی ئەنجومەنەکەمانی دەکرد، لە ئەندامێکی خۆمان زیاتر رێزمان دەگرت، بەڵام نەماندەزانی سیخوڕە و پلانێکی بەدەستەوەیە. چۆن مرۆڤ دەتوانێت ببێتە هاوکاری دوژمنەکەی. لێرە داوا لە گەلەکەمان دەکەین با چاودێری منداڵەکانیان بکەن".
هـ . ب