کەجەکە: پێویستە لە بەرخۆدانی نەوشیروان مستەفا هێز وەربگرین

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا ڕێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕاندا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی لە بەرپرسانی گۆڕان و خانەوادەی نەوشیروان مستەفا کرد.

کەجەکە لە راگەیەنراوەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بەرامبەر تەسلیمیەت و خۆبەدەستەوەدان هێمای شۆڕشی نوێیە، لە بەرامبەرستەم و چەوسانەوە، هێمای راپەڕین و خۆڕاگرییە و لە بەرامبەر نایەکسانی و نادادپەروەی هێمای دادپەروەری و خەباتی مەدەنی و دیموکراسییە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، " ئێستاش کە کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کەوتۆتە بەر شاڵاوی داگیرکاری و بەکرێگیراوی، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە بە هێز وەرگرتن لە گیانی شۆڕشگێڕی و ئیرادەی خۆڕاگری کاک نەوشیروان بتوانین پارێزگاری لە هەبوون و ئازادی و دەسکەوتەکانمان بکەین."

راگەیەنراوەکەی کەجەکە بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بەم شێوەیەیە:

"بەڕێز کاک عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان،

بەڕێزان ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان،

بنەماڵەی بەڕێزی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا

لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکردە و پێشەنگی دیاری گەلەکەمان، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، سەری رێز و نەوازش بۆ یادی ئەم تێکۆشەر و رۆشنبیرە مەزنەی گەلەکەمان دادەنەوێنین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەکەین.

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بە نیو سەدە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی، دیموکراسی،  مافی نەتەوایەتی و دادی کۆمەڵایەتی دا شوێن پەنجەی لە هەموو دەسکەوتە نەتەوەیی و دیموکراسی و یاساییەکانی باشوری کوردستاندا دیارە. هەروەها داکۆکیکارێکی مەزن بووە لە مافی گەلی کورد هەموو بەشەکانی کوردستان.

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بەرامبەر تەسلیمیەت و خۆبەدەستەوەدان هێمای شۆڕشی نوێیە، لە بەرامبەرستەم و چەوسانەوە هێمای راپەڕین و خۆڕاگرییە و لە بەرامبەر نایەکسانی و نادادپەروەی هێمای دادپەروەری و خەباتی مەدەنی و دیموکراسییە.

ئێستاش کە کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کەوتۆتە بەر شاڵاوی داگیرکاری و بەکرێگیراوی، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە بە هێز وەرگرتن لە گیانی شۆڕشگێڕی و ئیرادەی خۆڕاگری کاک نەوشیروان بتوانین پارێزگاری لە هەبوون و ئازادی و دەسکەوتەکانمان بکەین."

 ف.ق