کۆمەڵە هێرشی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر شەنگال ئیدانە کرد

کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراێک، هێرشی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر شەنگال ئیدانە کرد.

کۆمیتەى ناوەندیی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دوێنێ ١٨ی ئاب بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک هێرشەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان ئیدانە کرد و رایگەیاندووە، "لە راستی دا ده‌وڵه‌تی توركییه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لای وایه‌، كه‌ ده‌توانێ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ چاوترسین بكات و ناكامیه‌ سیاسییه‌كانی خۆی له‌ ناوخۆی توركییه‌ ، له‌ سورییه‌ و له‌ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، به‌ هێزنواندنی له‌و چه‌شنه‌ په‌رده‌ پۆش بكات".

کۆمەڵە راشیگەیاندووە، " كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌، ئه‌و هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌ به‌ توندی مه‌حكوم ده‌كات و ده‌نگی خۆی ده‌خاته‌ پاڵ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ ده‌ست درێژییه‌كانی ئوردوغان و حیزبه‌كه‌ی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستانن".

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئیران:

راگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌حكوم كردنی ھیرشی ده‌وله‌تی توركییه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان!

سه‌ر له‌ به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 27ی مانگی گه‌لاوێژ، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکییه‌ کاتژمێر یه‌ك و ١٥ خولەکی به‌یانی پاش سێ جار بۆردوومان کردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ گوندی " سەکێنە"  لە شەنگال، ئەم نەخۆشخانەیان به‌ ته‌واوی له‌ ناو بردوە .

 به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كان لە ئاکامی ئەم هیرشە جەنایەتکارانەدا چه‌ندین کەس لە نەخوشخانەکە و هەروەها خەلکی گوندەکە  كوژراو و بریندار بون كه‌ هێشتا بە تەواوی ژمارەیان ئاشكرا نه‌بووە‌.

لە یەکەم هیرش دا کاتێک هاووڵاتییان بۆ یارمەتی دان ویستویانە خۆیان بگەیەننە شوینی رووداوەکە ، ‌ فڕۆکەکان دوو جاری تر گوندەکەیان بۆردوومان کردوە. بەپێی ڕاپۆرته‌كان، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن قۆربانیان له‌ ژێر ئاواری نه‌خۆشخانه‌كه‌ ڕزگار كه‌ن.

ئەمە یه‌كه‌مین جار نیە کە دەولەتی تورکیا پەلامار دەباتە سەر خەڵکی ئەم ناوچەیە لە هەریمی کوردستان. لە راستی دا ده‌وڵه‌تی توركییه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لای وایه‌، كه‌ ده‌توانێ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ چاوترسین بكات و ناكامیه‌ سیاسییه‌كانی خۆی له‌ ناوخۆی توركییه‌ ، له‌ سورییه‌ و له‌ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، به‌ هێزنواندنی له‌و چه‌شنه‌ په‌رده‌ پۆش بكات.

كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌، ئه‌و هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌ به‌ توندی مه‌حكوم ده‌كات و ده‌نگی خۆی ده‌خاته‌ پاڵ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ ده‌ست درێژییه‌كانی ئوردوغان و حیزبه‌كه‌ی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستانن..

كومیته‌ی ناوه‌ندی كومه‌ڵه‌

رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئیران

٢٧ی گەلاویژی ١٤٠٠

١٨ اوتی ٢٠٢١

ژ.ت