کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە: هەڵوێستی مەسرور بارزانی رەوایی بە داگیرکەریی تورک دەدات

کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە رایگەیاند، دەیانەوێت چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی باشووری کوردستان بخەنە ئەستۆی ئێمە و وتی، "ئەوانەى ئەو پڕوپاگەندەیە دەکەن بە ئەنقەست گەل لە دژی یەک دنە دەدەن و دەبنە هۆی قوڵبوونەوەى ئاڵۆزییەکان".

کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى لێدوانەکانی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی دوێنێیدا بەرخودانی قارەمانانەى پەکەکەی لە کوردستان لە دژی داگیرکەریی تورک پێچەوانە کردەوە و ئەو بەرخودانەی رەشکرد. ئەو هەڵوێستەى مەسرور بارزانی، کە بە هیچ شێوەیەک باسی دەوڵەتی تورکی نەکرد، کە بەشێک لە خاکی باشووری کوردستانی داگیرکردووە، تەنها بەردەوامی و رەوایدانە بە داگیرکەری تورک".

کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی دوێنێیدا راستیی زۆرێک لە رووداوەکانی هەڵگەڕاندنەوە. ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە گەلی ئێزدیی نەپاراست و رایکرد، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا لەگەڵ حکومەتی عێڕاق رێککەوتنێکی لەسەر شەنگال ئەنجامدا و دیسانەوە هەڕەشەى لەسەر گەلی ئێزدی دروستکردەوە.

کاتێک داعش هێرشی هێنا بزووتنەوەى پەکەکە هاوکاریی گەلی ئێزدیی کرد و لە پاکتاوکردن و سڕینەوە رزگاری کردن. دوای ئەوەی گەیشتنە دۆخێک، کە بەرگری و پارێزگاری لە خۆیان بکەن و خۆیان بەڕێوەببەن، ئێمە لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا لە شەنگال کشاینەوە. هەموو دونیاش لە میدیاکاندا ئەو کشانەوەیەیان بینی و شایەتیشی بۆ دەدەن. بەڵام پەدەکە و دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی پڕوپاگەندەی پێچەوانە دەکەن، خۆبەڕێوبەریی گەلی ئەوى تاوانبار و تەریک دەکەن و هێرشی دەکەنە سەر.

خۆبەڕێوەبەری و بەرگری مافێکی سەرەکیی گەلی ئێزدییە، کە تاوەکو ئێستا ٧٤ فەرمانیان لە دژ ئەنجامدراوە. گەلی شەنگال خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبەریی خۆی، کە بەپێی یاساکانی عێراق مسۆگەرکراون، ئەنجام دەدات. ئێمەش پشتیوانی لەو مافە رەوایە دەکەین. گەلی شەنگال ماوەی ٢ مانگە لە دژی رێککەوتنی هەولێر – بەغدا، کە لە ٩ی تشرین یەکەم دا لەسەر شەنگال ئیمزایانکرد، چالاکی ئەنجام دەدات و دەیەوێت ئەو رێککەوتنە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی بە لێدوانەکەى دوێنێی دیسانەوە شەنگالی کردەوە ئامانج. خۆبەڕێوەبەریی شەنگال نە لە دژی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان و نە لە دژی یاساکانی عێراقە. بە پێچەوانەوە ئەوان بە هێز دەکات.  

مەسرور بارزانی هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا بەرخودانی قارەمانانەى پەکەکەى لە کوردستان لە دژی داگیرکەریی تورک هەڵگەڕاندەوە و ئەو بەرخودانەى رەش کرد. ئەو هەڵوێستەى مەسرور بارزانی، کە بە هیچ شێوەیەک باسی دەوڵەتی تورکی نەکرد، کە بەشێک لە خاکی باشووری کوردستانی داگیرکردووە، تەنها بەردەوامیدان و رەوایدانە بە داگیرکەری تورک. ئێمە جارێکیتر رایدەگەیەنین، با پەدەکە لە دژی داگیرکەریی تورک لە پاڵ ئێمەدا بێت و بە دیالۆگ و دانوستاندن کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەلایەکی ترەوە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی سەر بە پەدەکە ماوەى چەند رۆژێکە هەوڵ دەدەن، ئەو رووداوە توندوتیژییانە، کە لە  باشووری کوردستان لە ناڕەزایەتییەکاندا روویانداوە، بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەکەومان. ئەو کەس و لایەنانەى ئەو جۆرە پڕوپاگەندانە دەکەن، بە ئەنقەست گەل لە دژی یەکتر دنە دەدەن و بەوەش خزمەت بە قوڵترکردنەوەى قەیرانەکە دەکەن. هەروەها بە ئەنقەست کار بۆ دروستکردنی ئەو بوارە دەکەن، کە دەوڵەتی تورک باشووری کوردستان نائارام بکات و پێکدادانی ناوخۆیی دروست بکات. هەر خۆی میتی تورک لەو چوارچێوەیەدا لە هەوڵی ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانەى جدیدایە. بزووتنەوەکەمان وەک لە هەموو شوێنێکدا باسی کردووە، دەبێت داوای رەوای گەل جێبەجێ بکرێت و قەیرانەکە لە چوارچێوەی دیموکراتیک دا چارەسەر بکرێت. بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەش ئێمە هەمان هەڵوێستمان هەیە. ئەو روودانەى ئەمدواییە، کە سوتاندنی بارەگای هەندێک حیزب و دام و دەزگای فەرمیی لێکەوتەوە قبوڵ ناکرێن و تەنها خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکات. لەلایەکی تریشەوە ئێمە توندوتیژی و هێرشی چەکداری بۆ سەر خۆپیشاندەران ئیدانە و شەرمەزار دەکەین. داواکانی گەل رەوان و دەبێت بە خێریی لە رێگەی دیموکراتیکەوە چارەسەر بکرێن. بەو بۆنەیەوە، کۆمەڵانی خەڵک، کە مافی ناڕەزایەتی بەکار دەهێنن، بەبێ ئەوەى تێکدەرییان لە ناودا ئەنجام بدرێت، ئێمە دەمانەوێت دووبارە رایبگەیەنین، کە دەبێت لە رێگەى ئاشتی و دیموکراتیکەوە داواکانی خۆتان بخەنەڕوو".

ژ.ت