کەنەکە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ، بانگەوازیەکی ئاڕاستەی پەدەکە و پەکەکە کرد

ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کەنەکە بە هۆی مەترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی، بانگەوازیەکی ئاڕاستەی پەکەکە و پەدەکە کرد کە دەست بە دیالۆگ بکەن و وتیشی، بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگ لە پێشمەرگە و گەریلا دەکەین کە خۆیان لە شەڕی ناوخۆیی بە دوور بگرن.

لە بەرواری ١٣ی کانوونی یەکەمدا لە ناوچەیەکی نێوان گوندەکانی قەزای ئامێدی، هێزە تایبەتەکانی پەدەکە ئۆتۆمبیلێکی گەریلاکانیان دابووە بەر دەستڕێژی گولە و بەو هۆیەوە ترسی دروستبوونی شەڕی لێکەوتەوە. بە پێی راگەیێنراوی هەپەگە لە ئەنجامی ئەو هێرشەی هێزەکانی پەدەکەدا، ٣ گەریلا بریندرا بوون کە برینی دوانیان سەختە.

'دەبێت هەردوولا خۆیان لە کردەوەی گێرەشێوێنی بەدوور بگرن'

ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کەنەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات بانگەوازیەکی بەپەلەی ئاڕاستەی لایەنەکان کرد.

قەرەموس وتی:"لەسەر ناوی هاوسەرۆکایەتی کەنەکە، هاوکات وەکو ئەندامێکی شاندی کەنەکە بۆ باشوری کوردستان، بانگەوزیەکی بەپەلە دەکەم. ئێمە ئەو رووداوە وەکو هەوڵێکی گێرەشێوێنی دەبینین. دەبێت هەردوولا خۆیان لە هەوڵە گێرەشێوێنەکان بپارێزن."

'دەبێت هێزەکان بگەڕێنەوە شوێنی پێشووتری خۆیان'

قەرەموس رایگەیاند، دەبێت هەردوولا بە رۆحێکی بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە و وتی:"ئەو هێزانەی لە ناوچەکە جێگیر بوون، ئەوانەی لە بەرامبەر یەکدی وەستانەوە، دەبێت بە زووترین کات بگەڕێنەوە شوێنی پێشووتری خویان. هەردوولا ناچارن بە رێگای چاوپێکەوتن کێشەکانیان چارەسەر بکەن."

قەرەموس لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:"ئێمە بۆ دیالۆگ ئەم بانگەوازیە بڵاو دەکەینەوە، چونکە لە ئەگەری روودانی هەر شەڕێکدا، ئەوا شەڕەکە تەنها لە هەرێمێک یان ناوچەیەک ناوەستێتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوە لەسەرتاسەری کوردستان هەیە. ئێمە لە قۆناغێکی زۆر هەستیار داین و شەر لە بەرژەوەندی هیچ پارتێک یان کوردێکدا نابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەوانەیە ببێتە هۆکاری تێکچوونی زۆر شت."

رێگاخۆشکەرە بۆ داگیرکەریەکانی دوژمن'

قەرەموس جەختی کردەوە کە ئەو شەڕە تەنها رێگاخۆشکەرە بۆ داگیرکەریەکانی دوژمن و وتی:"بۆیە بانگەوازی ئاڕاستەی پەدەکە و پەکەکە دەکەین، بانگەوازی ئاڕاستەی پێشمەرگە و گەریلاکانی هەپەگە دەکەین، کە ئەم شەڕە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی و سوودی کورددا نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەتوانێت هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو بەرێت."

قەرەموس هاوکات بانگەوازی ئاڕاستەی پارت و رێکخراوەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش کرد کە بە زمانێک قسە نەکەن کە ئاگری شەڕ گەش بکات، بەڵکو بۆ ئاشتی و برایەتی هەوڵ بدەن و وتیشی، زمانی زبر و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و لێدوانی لەم چەشنە، هیچ سوودێک ناگەیێنێت بە دەستەکەوتەکانی گەلی کوردی.  

'تاکە ریگای چارەسەری، دیالۆگ و چاوپێکەوتنە'

قەرەموس رایگەیاند کە تاکە رێگای چارەسەری، دیالۆگ و چاوپێکەوتنە و داوای کرد لایەنەکان، بانگەوازیەکەی کەنەکە بە جدی وەربگرن و رێگای دیالۆگ بگرنەبەر.

بانگەوازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلا

قەرەموس راشیگەیاند، هەوڵی ئەنجامدانی دیالۆگ و ئامادەکردنی بنەمایەک بۆ ئەم هەنگاوە، ئەرکی نەتەوەییانە و ئەم بانگەوازیەی ئاڕاستەی پێشمەرگە و گەریلا کرد:

"بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگەوازی ئاڕاستەی پێشمەرگە و گەریلاکان دەکەم، دەبێت خوێنی خوشک و براکانتان، خوێنی کورد نەڕێژن."

بانگەوازیەکی تایبەت بۆ مەسعود بارزانی

قەرەموس بانگەوازیەکی تایبەتیشی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە کرد و وتی، بارزانی لەم رووەوە دەبێت رۆڵی خۆی ببینێت. دەبێت شەڕ، شەڕی ناوخۆ، شەڕی کورد بوەستێنێت.

قەرەموس لەسەر ناوی کەنەکە بانگەوازی ئاڕستەی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش کرد کە لەم بارەیەوە کۆببنەوە و رایگەیاند، بۆ کۆبوونەوەیەکی لەم چەشنە ئەوان هەوڵی خۆیان دەخەنەگەر.

قەرەموس تیشکیشی خستە سەر سەردانەکەیان بۆ باشوری کوردستان کە لە مانگی تشرینی دووەم ئەنجامیان دابوو، راشیگەیاند، جگە لە پەدەکە، هەموو پارت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو کە لایەنگری دیالۆگی نێوان کوردن و ئەم هەڵوێستەش بە پەدەکە راگەێنراوە و وتی، تا ئێستا پەدەکە وڵامی بانگەوازیەکانی نەداوەتەوە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و نەهێشتنی مەترسیەکانی شەڕ.

'لێدوانەکانی مەسرور بارزانی جێگای دڵگرانین'

قەرەموس لە بەرامبەر لێدوانەکانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارەزایەتی دەربڕی کە لە دژی پەکەکە و شەنگال و رۆژئاوا قسەی کردبوو و وتی:"ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەم جۆرە هەڵوێستانە قبوڵ ناکەین، چونکە لە بەرژەوەندی کورددا نین. لێدوان و قسەکانی مەسرور بارزانی لە دژی پەکەکە، ناخمان ئازار دەدات. جێگای ئەم بۆچوونانە لە لای ئێمە نابێتەوە و دەبێت لە بەرامبەری بوەستینەوە."

'مەترسی لەناوچوونی بنەماکانی یەکێتی نەتەوەیی لێدەکەوێتەوە'

قەرەموس لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە ئەگەر شەڕێکی نەخوازراو رووبدات، لەوانەیە بنەماکانی یەکێتی نێوان کورد لەناو بچن و وتی:"ئەگەر شەڕێ نێوان پێشمەرگە و گەریلا بگات بە ئاستێکی نەخوازراو، پێدەچێت بنەماکانی یەکێتی نێوان کورد لەناو بچن. مەترسی لەدەستدانی دەستکەوتەکان هەیە. نەک تەنها هەوڵەکانی دوژمن بۆ داگیرکردن، بەڵکو لە ناو خۆشدا مەترسی ئەوە هەیە دوژمنایەتی وەها دروست ببێت کە دواجار ئاساییکردنەوە ئەستەم بێت."

هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو جۆرە هێرشانە فشارێکی دەوڵەتی تورکە و وتی:"لە ئەنجامی شەڕی ناو ماڵی کورددا، تەنها داگیرکەران سەرکەوتوو دەبن تێیدا."

ز.ش