کەنەکە جەژنی ڕەمەزانی لە گەلی کوردستان و جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە، جەژنی ڕەمەزانى لە گەلی کوردستان و جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، "هیوادار و لەو باوەڕەداین کە گەلەکەمان لە داهاتویەکی نزیکدا بە ئارامی، ئاشتی و ئازادی جەژن و شادی خۆی لەسەر خاکی ئازادی کوردستان پیرۆز بکات."

پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە بە پەیامێک جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کرد.

دەقی پەیامەکەی کەنەکە وەهایە:

"ئەمڕۆ جەژنی ڕەمەزانە، ئێمە جەژنی ڕەمەزان سەرەتا لە زیندانیان و شەڕڤانانی ئازادی، گەلی کورد و لە هەموو گەلانی جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین، بەو هیوایە جەژنی ڕەمەزان لە وڵاتەکەمان و هەموو جیهان ببێتە وەسیلەی ئاشتی و ئازادیی."

هێزەکانی پاراستنی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە دژی داگیرکەران ئۆپەراسیۆنی گەورەیان ئەنجامدا و گورزی قورسیان لە داگیرکەران وەشاند. ئێستا لە دەستپێکی بەهارداین. سێ هەفتە لەمەوبەر لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە جەژنی نەورۆزمان پیرۆز کرد. دواتر لە هەڵبژاردنە هەرێمیەکانی باکووری کوردستان، گەلەکەمان ئیرادەی خۆی نیشان دا و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست خست. ئێستا ئێمە بە ڕۆحی ئەم سەرکەوتنانەوە پێشوازی لە ڕەمەزان دەکەین."

ئەڵبەت هێشتا دۆخێکی ئاڵۆز لە ئارادا هەیە. لە هەموو کوردستان هێرشی کۆمەڵکوژی بۆ سەر گەلەکەمان بەردەوامە. هێرشی داگیرکاری و هەڕەشەی دوژمنان بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات. لە ڕۆژهەڵاتدا گوشارەکانی دەوڵەت لە سەر گەلەکەمان بەردەوامە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانە قووڵتر دەبنەوە. لە باشوور قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی درێژەی هەیە، هەروەها کێشەی ناوچە دابڕاوەکان چارەسەر نەکراون و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاش پەرەی سەندووە. لەم کاتەدا پێویستە هەموو هێزە کوردستانیەکان بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستنەوە. بەن بۆنەوە داوا لە گەلەکەمان و هەموو گەلانی ناوچەکە دەکەین لە دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ببنەوە، لە دژی داگیرکەران دەنگیان بەرز بکەنەوە و یەکێتی خۆیان بەهێزتر بکەن."

بەتایبەت لەم ڕۆژانەی جەژندا، هیوا و باوەڕمان وایە گەلەکەمان لە داهاتویەکی نزیکدا بە ئارامی و ئاشتی لەسەر خاکە ئازادی کوردستان جەژن پیرۆز بکەن. جارێکی تر جەژنی ڕەمەزان لە سەرجەم زیندانیان شەڕڤانانی ئازادیی و گەلی کورد و کوردستانیان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین.