کەنەکە لەسەر رووداوەکانی دەورووبەری کرماشان: کوردستان وڵاتی پێکەوە ژیانە

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی دەورووبەری کرماشان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کوردستان وڵاتی پێکەوە ژیانە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)دا هاتووە، "هەندێك هێزی توندڕەو هەوڵئەدەن بە ناوی ئیسلامەوە ئاڕاستەیەکی ئاینیی بە دۆخەکە بدەن، لە لایەکی تریشەوە رژێمی ئێران کە هەمیشە سوود لە ناکۆکییە ناوخۆییەکان ئەبینێ، هەوڵئەدا روویەکی ئاسایشیی پێ بداو، لەو رێگایەوە دەستوەرداتە دۆخەکەوەو کێشەکان بە ئاقارێکدا بەرێت کە زیاتر خەڵک سەرکوت بکات".

کەنەکە راشیگەیاندووە، "خەڵکی ئەو ناوچانە هەر ئاین و مەزهەبێکیان هەبێت هەر کوردن، لە درێژەی مێژووی هاوچەرخیشدا، کوردبوونیان هۆکاری سەرەکیی پەلاماردان و سەرکوتکردنیان بووە. سەرەڕای هەموو هێرش و پەلاماردان و کۆمەڵکوژییەک، بەڵام سەدان ساڵە توانیویانە لەو ناوچەیە پێکەوە بژین و پێکەوە هەڵکەن. کوردستان هەمیشە ولاتی پێکەوەژیان بووە. ئاینی یارسان ئاینێکی کۆنی کوردییە. ئەگەر پەیڕەوەانی ئەو ئاینە بە ژمارەش زۆر نەبن، بەڵام بەشێکی گرنگی رەنگاورەنگیی پێکهاتەی کوردستانن. پێویستە خەڵکی کوردستان بە هەموو شێوازێك بیانپارێزن. پێویستە هەموان ئەو راستییە بزانن کە نەیارانی خەڵکی کوردستان جیاوازی لە نیوانیاندا ناکەن، خاوەنی هەر مەزهەب و ئاینێک بن، هەر  وەک کورد و وەک هەڕەشەیەک بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکەیان سەیریان ئەکەن".

کەنەکە ئەوەشی راگەیاندووە، " کوردستان بەگشتی بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەرئەبێت. خەڵکی کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی چارەنووسسازدایە. ئەوەتا لە هەموو لایەکەوە هێرش لەسەر دەستکەوتەکانمان هەیە. هەوڵی لەناوبردنمان ئەدەن. هێرش و پەلاماردانەکانی تورکیا لە باکورو رۆژاواو باشووری کوردستان. زەبروزەنگ و داپڵۆسینی رژێمی ئێران بەرامبەر خەڵکی کورد، حکومەتەکانی سوریاو ئێراقیش کەمیان نەکردووە. هەموو ئەمانە شایەتی ئەو راستییەن کە گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی بە گشتی لە بن هەڕەشەدان. لە هەمانکاتیشدا ئێستا دەرفەتێکی مەزنیش بۆ سەرکەوتنمان هەیە، ئەویش بە تەبایی و یەکڕیزیی و رێککەوتنی ناوخۆیی دێتە دی".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

لەسەر رووداوەکانی دەوروبەری کرماشان

کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە

هەروەک ئاگادارن ماوەی چەند رۆژێکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی کەوتۆتە نێوان خەڵکی هەندێک دێ و دێهاتی دەورەبەری کرماشان و سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ و ئەو ناوچانە. سەرەتای کێشە لەسەر زەوی و زارو لەوەڕگە دەستی پێکردووە. دواتر شەڕ و پێکدادانی لێکەوتۆتەوەو بەداخەوە خەڵک گیانیان لەدەست داوە. ئەو رووداوانە خەڵکی ناوچەکە و ئێمەشیان زۆر نیگەران کردووە. لە قۆناغ و دۆخێکی هەستیاری وەک ئێستای کوردستاندا، هەموو گرژی و ئالؤزییە ناخۆییەکان، ئەگەر بە وتووێژ و لێکتێگەیشتن چارەسە نەکرێن، بە زیانی زۆر گەورەی گەلەکەمان تەواو ئەبن. کێشەکان لە ناوچەیەکدا سەریان هەڵداوە کە پێکهاتەی ئاینی و مەزهەبی جیاوازی تێدا نیشتەجێن وەک سونە و شیعە مەزهەب و یارسان. لە لایەکەوە هەندێك هێزی توندڕەو هەوڵئەدەن بە ناوی ئیسلامەوە ئاڕاستەیەکی ئاینیی بە دۆخەکە بدەن، لە لایەکی تریشەوە رژێمی ئێران کە هەمیشە سوود لە ناکۆکییە ناوخۆییەکان ئەبینێ، هەوڵئەدا روویەکی ئاسایشیی پێ بداو، لەو رێگایەوە دەستوەرداتە دۆخەکەوەو کێشەکان بە ئاقارێکدا بەرێت کە زیاتر خەڵک سەرکوت بکات. بە تایبەتیش لە دۆخێکی نزیک هەڵبژاردندا و لە دۆخی قەیراناوی ئێراندا، ئەیەوێ دەسەڵات و حوکمڕانی خۆی زیاتر پیشان بدات.

خەڵکی ئەو ناوچانە هەر ئاین و مەزهەبێکیان هەبێت هەر کوردن، لە درێژەی مێژووی هاوچەرخیشدا، کوردبوونیان هۆکاری سەرەکیی پەلاماردان و سەرکوتکردنیان بووە. سەرەڕای هەموو هێرش و پەلاماردان و کۆمەڵکوژییەک، بەڵام سەدان ساڵە توانیویانە لەو ناوچەیە پێکەوە بژین و پێکەوە هەڵکەن. کوردستان هەمیشە ولاتی پێکەوەژیان بووە. ئاینی یارسان ئاینێکی کۆنی کوردییە. ئەگەر پەیڕەوەانی ئەو ئاینە بە ژمارەش زۆر نەبن، بەڵام بەشێکی گرنگی رەنگاورەنگیی پێکهاتەی کوردستانن. پێویستە خەڵکی کوردستان بە هەموو شێوازێك بیانپارێزن. پێویستە هەموان ئەو راستییە بزانن کە نەیارانی خەڵکی کوردستان جیاوازی لە نیوانیاندا ناکەن، خاوەنی هەر مەزهەب و ئاینێک بن، هەر  وەک کورد و وەک هەڕەشەیەک بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکەیان سەیریان ئەکەن.

بێگومان خەڵکی ئەو هەرێمە لەوە هۆشیارترن رێگا بدەن ناحەزان سوود لە ئەو ناکۆکیانە وەربگرن و بە ئاقارێکی دیکەدا بیبەن. بۆیە پێویستە لەسەریان گرژیەکان لە سنووری خۆیدا بهێڵنەوەو بە رێگای دانوستان و وتووێژ چارەسەریان بکەن. پەنا بردن و بۆ بەکاهێنانی چەک و هێز لەبەرامبەر یەکتردا و بە کوشتتدانی خەڵکی کوردستان لە هەر کێشەیەکی ناوخۆییدا، خاڵی لاوازی هەر لایەکە کە پەنا بۆ کارێکی لەو جۆرە ببات.

کوردستان بەگشتی بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەرئەبێت. خەڵکی کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی چارەنووسسازدایە. ئەوەتا لە هەموو لایەکەوە هێرش لەسەر دەستکەوتەکانمان هەیە. هەوڵی لەناوبردنمان ئەدەن. هێرش و پەلاماردانەکانی تورکیا لە باکورو رۆژاواو باشووری کوردستان. زەبروزەنگ و داپڵۆسینی رژێمی ئێران بەرامبەر خەڵکی کورد، حکومەتەکانی سوریاو ئێراقیش کەمیان نەکردووە. هەموو ئەمانە شایەتی ئەو راستییەن کە گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی بە گشتی لە بن هەڕەشەدان. لە هەمانکاتیشدا ئێستا دەرفەتێکی مەزنیش بۆ سەرکەوتنمان هەیە، ئەویش بە تەبایی و یەکڕیزیی و رێککەوتنی ناوخۆیی دێتە دی. هەموو پێکدادانێکی ناوخۆیی، هەرچەند لەسەر شتی ىچوکیش بێت، یارمەتی ئەو هەڕەشانە ئەدات و دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانەو بە قازانجی نەیارانی تەواو ئەبێت. رێککەوتن و یەکڕیزی و تەباییش زامنی سەرکەوتن و مانەوەمانە.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە خەڵکی گوندەکان دەوروبەری کرماشان و سەرپێڵی زەهاو و شاهۆ ئەکەین دەستبەجێ دەست لە کاری توندوتیژی بەرامبەر یەکتر هەڵگرن. ئەو کێشانەی هەن بە رێگای دیالۆگ و ئاشتیی چارەسەریان بکەن. داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و هەموو کوردستانیش بە گشتی ئەکەین، ئاگاداری دۆخی ئەو ناوچانە بن و بەهەر شێوازێک بۆیان ئەگونجێت، هاوکاری چارەسەریی دۆخەکە بن.

ئێمە بەداخەوەین بۆ هەموو ئەوانەی لەو کێشەیەدا گیانیان لەدەست داوە. سەرەخۆشی لە خۆمان و گەلی کوردستان و خانەوادەکانیان ئەکەین. هەرەوەها سڵاو گەرمی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پێشکەش بەخەڵکی خۆڕاگری کرماشان و ئیلام و سەرپێڵ و هەموو ئەو هەرێمە ئەکەین.

ژ.ت