کەنەکە: نەورۆز ڕۆژی بەرخۆدان و سەرکەوتنە بەسەر ستەمدا

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "نەورۆز ڕۆژی ڕزگاری، ڕۆژی بەرخۆدان، ڕاپەڕین و سەرکەوتنە بەسەر ستەمدا".

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای فشاری دوژمنان، گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات و دەڵێت: " ئێمە لەم دۆخەدا پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین. جەژنی نەورۆز وەک مانا و واتای خۆی بە گیانی بەرخۆدان و ڕزگاری و ئازادی کوردستان پیرۆز دەکەین. بانگەوازی گەلەکەمان دەکەین: وەک هەموو ساڵێک بە گیانی ئاهەنگگێڕانەوە بێنە سەر شەقامەکان و  پێشوازی لە نەورۆزی کوردان بکەن".

دەقی پەیامەکەی کەنەکە بۆ نەورۆز بەم جۆرەیە:

"جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادیی، جەژنی نەورۆزتان پیرۆزبێت!

لە مێژووی کوردستاندا، هەمیشە نەورۆز پێگەیەکی تایبەتی هەیە. نەورۆز ڕۆژی ڕزگاری، ڕۆژی بەرخۆدان، ڕاپەڕین و سەرکەوتنە بەسەر ستەمدا. نەورۆز جەژنی ئازادییە و لەسەر بنەمای خەبات و تێکۆشان دژی ستەم و زۆرداری سەریهەڵدا و بوو بە هێمای ڕزگاریی و ئازادیی لە بەرامبەر زوڵم و ستەمکاری، کۆیلایەتی، داگیرکاریی و هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکدا.

گەلی کورد ساڵانێکە بە ڕەنج و قوربانیدانی گەورەوە نەورۆزیان کردووە بە ڕۆژی خۆشی و شادی گەلەری و ڕۆژی بەرخۆدان. لە ئەنجامی ئەو هەموو خەباتەی کورد لە پێناو ئازادیی و ڕزگارییدا  لە ئاستی نێونەتەوەییشدا نەورۆز بە جەژنێکی کوردی ناساندووە. گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان و لە دەرەوەی نیشتیمانیش جەژنی نەورۆز بە ناوەڕۆکە مێژووییەکەی خۆی، بە ئامانجی ڕزگاریی و ئازادیی پیرۆز دەکەن. کوردان لە تێکۆشانی هەمەلایەنیاندا لە گوند، شار، ناو زیندانەکان لە هەموو شوێن کایەکانی ژیاندا نەورۆزیان کردووەتە سەنگەری خەباتی ڕزگاری و ئازادی.

لە سەرتاسەری کوردستان ئەمڕۆ ئاگری نەورۆز گەشاوەترە. لە باشوور و رۆژاوای کوردستان بە فەرمی پیرۆز دەکرێت. لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانیش سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ڕێگرییەکی داگیرکەران دیسانەوە بە مانای ڕاستەقینەی نەورۆزەوە خەڵکی ئاهەنگ دەگێڕن و ئاگری بەرخۆدان و ڕزگاری و ئازادی هێندەی تر بە گوڕوتینتر دەکەنەوە.

لەگەڵ ڕۆژی نەورۆزی ئەمساڵدا دەست بە ساڵێکی نوێ دەکەین. ساڵی ڕابردوو لە هەموو بوارەکانەوە ساڵێکی پڕ لە تێکۆشان بوو. لە ساڵی ڕابردوودا دوژمنانمان زۆر چالاکانە بە هێزی زۆرەوە هێرشیان کردە سەر زۆر ناوچەکانی کوردستان. بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان زیاد کرد. بەم هێرشانەیان سەلماندیان کە ئەم دەوڵەتە دوژمنی سەرسەختی کورد و کوردستانە. پیلانەکانیان پیلانی لەناوبردنە، ئەگەر لەدەستیان بێ لە هەر شوێنێکی دونیا بێت دەستکەوتەکانی کورد لەناو دەبەن. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، تەڤگەری ئازادیی لە سەرتاسەری کوردستان بەرگری-بەرخۆدانێکی گەورە ئەنجامدرا.

دەوڵەتی ئێرانیش لەم بارەوە هاوبەشی دەوڵەتی تورکیایە. ئێران لە ماوەی ئەم ساڵەدا بە یارمەتی دەسەڵادارانی بەغدا هێرش و فشارێکی زۆریان لەسەر هێزە کوردییەکان دروستکرد.

لە ئێستاوە ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمساڵیش دەبێتە ساڵێکی خەبات و تێکۆشان. دوژمنانمان لە چەندین ئاراستەوە هێرش دەکەن. بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ تێکبردنی دەستکەوتەکانی کوردە لە باکوور و باشوور و ڕۆژاوای کوردستان ئامادەکاری بۆ هێرشی گەورە دەکات. لەلایەکی دیکەوە، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە گەڕان بە دوای ئاشتی و دیالۆگدا لە ئارادایە. دەوڵەتی تورکیا لە شەڕی ٤٠ ساڵەیدا سەرنەکەوت، بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی بەسەردا هات و ناچاریان کردن بەدوای لێگەڕانی جیاواز بکەن. ئەم دیالۆگە کە بە پێشەنگی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ تەڤگەریی ئازادیدا بەڕێوەدەچێت، ئێستا لە قۆناغی سەرەتادایە و ڕوون نییە کە دەرەنجامەکەی چۆن دەکەوێتەوە. ئامانجی تەڤگەری ئازادیی ئەوەیە کە بەڕێگای دیالۆگەوە پرسی کورد چارەسەربکرێت. بەڵام پەیام و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیدا ناگونجێت. ئێمە وەک کورد دەبێت بۆ هەر پێشهات و ئەگەرێک ئامادەبین.

دەوڵەتی ئێران لەلای خۆیەوە بە هەموو شێوەیەک گەل و چالاکوانانی کورد دەکاتە ئامانج و دەیەوێت هێزە ئازادیخوازەکان لەناو ببات. هەرچەندە لە باشووری کوردستان قەوارەیەکی فەرمی هەشبێت، بەڵام پرس و کێشەکان بەردەوامن و دۆخی ناوچە داگیرکراوەکان خراپ و ناڕوونە. دوژمنان بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی قەوارەکە لە جووڵەدان و کاری بۆ دەکەن.

لە ڕۆژاوای کوردستان، لەشکرکێشی، داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام و لە زیادبووندایە. ئەو دەوڵەتە بە ئاشکرا پەیامی ئەوەیە و هەڕەشەی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا دەکات. لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی بەعس ڕووخا و لەناوچوو، هێزێکی توندڕەوی ئیسلامی (هەیئەی تەحریری شام) هاتە سەر دەسەڵات. دۆخی سووریا بە گشتیی ناڕوونە نازاندرێت لە داهاتوودا چی ڕوودەدات. ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و دەسەڵاتدارانی شام کرا. ئەم ڕێککەوتنە گرنگی خۆی هەیە، یەکەم جارە لە سووریادا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتییدا بە بەڵگەی فەرمی دەوڵەت لە سەر بنەماکانی دەستوور و بوون مافی گەلی کورد قبوڵ بکرێت. بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت ئەم پەیمانە جێبەجێ بکرێت.

زیاتر لە ساڵ و نیوێکە شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات. شەڕەکە لە غەزەوە دەستی پێکرد لەوێوە تەشەنەی کرد و پەڕییەوە بۆ بەیرووت و سووریا و یەمەن و عێراق ئێران. وا مەزەندە دەکرێت کە ئەم شەڕە گەورەتر دەبێت و کوردستانیش دەگرێتەوە. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەموویان دەبنە لایەنێکی ئەم شەڕە. ئەم دۆخە هەم مەترسیی، هەم دەرفەت بۆ کورد دەهێنێت.

ئەم دۆخە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەمانان دیاری دەکات، پێویستە ڕێ و شوێن و تەدبیر بەرامبەر هەموو پیلان و ویستەکانی دوژمن و داگیرکەران بگرینەبەر، هێزی بەرگریی بەهێزبکرێت، هێرشەکانی داگیرکەران بەرپەرچ بدرێتەوە، دەستکەوتەکان بپارێزرێن و دەستکەوتی نوێ بەدەستبهێنرێن.

دەبێ لە باکوور و ڕۆژئاوا هەوڵەکانی ئاشتی و دیالۆگ پشتگیریی بکرێت. هاوکاری و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ دوژمنان وەک هێڵی سوور ببینرێت و ئیدانە بکرێت. لەپێناو ئەمانەدا، لە سەرەتادا یەکڕیزیی ناو ماڵی کورددا دابمەزرێت و یەکێتیی نەتەوەیی و نشتیمانیی پتەو بکرێت. دەبێت ئەمساڵ ببێتە ساڵی ئازادیی.

ئێمە لەم دۆخەدا پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین. جەژنی نەورۆز وەک مانا و واتای خۆی بە گیانی بەرخۆدان و ڕزگاری و ئازادی کوردستان پیرۆز دەکەین. بانگەوازی گەلەکەمان دەکەین: وەک هەموو ساڵێک بە گیانی ئاهەنگگێڕانەوە بێنە سەر شەقامەکان و  پێشوازی لە نەورۆزی کوردان بکەن.

لەم قۆناغە گرنگەی پرۆسەی تێکۆشان بۆ ڕزگاری و ئازادیی کوردستان، دەبێ ئاگری نەورۆز ببێتە چرا و مەشخەڵێکی گەشاوەی یەکڕیزیی و تەبایی گەل و نەتەوەی کوردستان.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بەم بیر و باوەڕییەوە نەورۆزی هەموو کورد و کوردستانیان بە جۆش و خرۆشی یەکێتیی نەتەوەیی و نشتیمانیی  پیرۆز دەکات.

کات کاتی بەهێزکردن و پتەوکردنی بەرخۆدانە

کات کاتی سەرکەوتن و ئازادییە

نەورۆزتان پیرۆز بێت".