کەرکوک، گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە هەڵمەتێکدا قەڵای کەرکوکیان پاککردەوە

کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شاری کەرکوک هەڵمەتێکی پاککردنەوەیان ئەنجامدا بۆ پاککردنەوەی قەڵای کەرکوک.

ئێوارەی ئەمرۆ لە شاری کەرکوک، ئەنجومەنی کەرکوکی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە هەڵمەتێکی پاکردنەوەدا بۆ پاراستنی ژینگەی کەرکوک و پاک و خاوێن ڕاگرتنی شارەکە، قەڵای کەرکوکیان پاککردەوە، ئامانج لە پاکردنەوەکە جوانکردنی سیمای شارەکە و گرنگیدانە بە ژینگەی شاری کەرکوک.

سەبارەت بە هەڵمەتی پاککردنەوەکە، محەمەد عومەر ئەندامی ئەنجومەنی کەرکوکی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF) وتی: " ئێمە وەکو کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کورستان، هەستاوین بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە وەکو کوردێک بە ئەرکی سەرشانی خۆمانمان زانی کە ئەم قەڵا مێژووییەی شاری کەرکوک بپارێزین و پاکی بکەینەوە، لە مێژووی کۆنی ئەم شارەوە تا ئیستا هەر حوکمڕانێک هاتووەتە ئەم شارە ئەم قەڵایەی پشتگوێ خستووە یان تێکیداوە و کاولی کردووە."

هەروەها سەبارەت بەئامانجیان لەم چالاکییەدا محەمەد عومەر رایگەیاند، ئامانجیان لەم چالاکییەدا پاراستنی شارستانیەتی ئەم شارەیە و هەروەها پاکڕاگرتنی سیما مێژووییەکانی شارەکەیە، لە داهاتووشدا قەڵای سوری ئامادەش پاکدەکەنەوە و دەیپارێزین."

ف.ق