کەرکوک، مامۆستایانی خوێندنی کوردی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند

لە شاری کەرکوک دژی بڕین و پێنەدانی مووچەکانیان، مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن ڕادەگەینن.

ئەمرۆ لەبەردەم بینای پەروەردەی خوێندنی کوردی، مامۆستایانی خوێندنی کوردی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

جێگای باسە ماوەی چەند ساڵێکە وەزارەتەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی نیوە مووچە و چارەگە مووچە پارەی فەرمانبەرانیان دەدەن کە لەو ماوەیەدا سەرەرای کەمی پێدانی مووچە، مووچەی چەندین مانگیش نەدراوە بە فەرمانبەران، مامۆستایانی خوێندنی کوردیش لە شاری کەرکوک کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٧ هەزار مامۆستا ئەمرۆ ژمارەیەکی زۆری ئەو مامۆستایانە دژی پێنەدانی ماف و ئیمتیازی هەمان مامۆستایانی خویندنی عەرەبی و کوردی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا کە تیدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند تا مافیان بۆ دەگەرێتەوە و مووچەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر حکومەتی ناوەندی عێراق.

لە گردبوونەوەکەدا مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دژی حزب و دەسەلاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروشمیان دەوتەوە دەلێن "حکومەتی هەرێمی کورستان گەندەڵ و دزە و مافی فەرمانبەرانی نادات."

مامۆستا عامر عەباس بەناوی مامۆستایانەوە بەیاننامەیەکی بۆ ڕایگشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاند خوێندەوەو وتی: " ئێمە وەکو مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کەرکوک لێرەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن ڕادەگەیەنین و چیتر ئامادەنین بەم بارودۆخی بێ مووچەیە دەوام بکەین تا داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت چونکە باری ئابوری مامۆستایان زۆر خراپە، داواکارییەکانمانیش بریتین لە

یەکەم/ داواکارین پێدانی مووچەکانمان لەکاتی خۆیدا بیت واتا لە هەر ۳۰ ڕۆژ جارێک.

دووەم/ داوای وەرگرتنی ئەو بڕە مووچە پاشکەوت کراوەمان دەکەین.

سێیەم/ داوا دەکەین مامۆستایانی خوێندنی کوردی بی بەش نەکرێن لەو مافانەی کە دەدرێتە هاوپیشەکانمان لە خوێندنی عەرەبی و تورکمانی لەشارەکە.

ئەگەر لە توانای حکومەتی هەرێم نیە داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات ئەوە مووچەکانمان بگوازنەوە بۆسەر حکومەتی ناوەندی عێراق یان حکومەتی عێراق بەشە مووچەی ئێمەی مامۆستایان لە بوجەی هەرێم ببرێت و لە کەرکوک دابەشی بکات

لەکۆتایدا مامۆستا عامر عەباس وتی: "داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بێتە دەنگ لەسەر دەستگیرکردنی چالاکوانانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کە تەنها داوای مافی خۆیان و مافی هاووڵاتیان دەکەن".

هەروەها ئیلاف ڕەشید مامۆستایەکی بەشداربووی گردبوونەوەکە، سەبارەت بە بایکۆکردنی دەوامەوە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF) ڕاگەیاند: " داواکارین مووچەکانمان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بێت و ڕەوانەی ئەو دز و گەندەڵانەی هەرێمی کوردستان نەکرێت، تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانمان بایکۆت ڕادەگەینین و ناچینە هۆڵەکانی خوێندن."

ف.ق