کەسوکاری گیراوانی بادینان: پارتی شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکات

جاریکیتر دادگایکردنی چوار گیراوی سیاسی بادینان دواخرا. کەسوکاری گیراوانیش بڕیاریاندا لەبەردەم دادگا مان بگرن و دەڵێن:" پەدەکە شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکات."

بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگایکردنی چوار گیراوی سیاسی بادینان بە ناوەکانی  “مەسعود عەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب ڕەشید، کارکەر عەباس عەلی و شێروان تەها ئەمین” لە دادگای کەتنی هەولێر بەرێوە بچێت، بەڵام جاریکیتر ئەو دادگایە بۆ ٢٠ تشرینی یەکەم دوخرا.

بیانو و پاساوی دادگای بۆ دواخستنی ئەو دادگایە گۆڕانکارییە لە دادوەرانی ڕاست و چەپی سەرۆکی دادگایەکە، کەسوکاری گیراوانی بادینانش کە لە پێش دادگا کەتنی هەولێر کۆبوونەتەوە لەسەر دواخستنی دادگایەکە بۆ ڕاگەیندنەکان قسەیان کرد و دواخستنی ئەو کەیسە بە سیاسی بە ناو دەکەن و دەڵێن:" پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکات".

هاوکات کەس کاری گیراوانی بادینان بڕیاریاند لەبەردەم دادگای کەتنی هەولێر مان بگرن تا یەکلایکردنەوەی ئەو کەیسە.

جێگای ئاماژەیە لە ٦ی ئەیلولیش هەر چوار چالاکونە گیراوەکە چوونەوە دادگای تاوانەکانی هەولێر، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا بۆ ئەمڕۆ و هەر ئەوکات پارێزەران ئاشکرایان کرد، کە پەدەکە دەیەوێت حوکمیان بدات، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەریی نەکاتە سەر دەنگەکانیان لە هەڵبژاردن، دادگاییکردنەکە بۆ دوای هەڵبژاردن دوادەخەن.

ماوەی ساڵێکە نزیکەی ١٠٠ رۆژنامەنووس و چالاکوانی دەڤەری بادینان لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون، بەڵام تا ئێستا هەندێکیان دۆسیەکەیان لە دادگایە و دادگاش دانیشتنەکان بە بیانوی جۆراوجۆر دوادەخات.

لە دژی دادگایکردن و سزادانی گیروانی بادینان ئەمڕۆ وا بڕیارە خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەبەردەم سەرجەم دادگای شار و شارۆچکاکانی هەرێمی کوردستان بەرێوە بچێت.

ژ.ت