ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەکانی بەرهەم و ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان کە ماوەیەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرهەمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە بەشێوەی فایلی دەنگی، ئەمجارەیان کتێبی "لە دەوڵەتی کاهێنی سۆمەرەوە بەرەو شارستانیەتی دیموکراتیک" لە کۆمەڵە پارێزنامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەی دەنگی بڵاو کردەوە.
ناوەندی تۆمار و بڵاوکراوەی بەرهەمە دەنگیەکان لە پێوەندی لەگەڵ کتێبی دەنگی "لە دەوڵەتی کاهێنی سۆمەرەوە بەرەو شارستانیەتی دیموکراتیک" ئەو ڕوونکردنەوانەی داوە:
کتێبی دەنگی "لە دەوڵەتی کاهێنی سۆمەرەوە بۆ شارستانیەتی دیموکراتیک" لە کۆمەڵە پارێزنامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە دوو بەرگەیەی ئێستا دەقی بەرگرییەکانی"رێبەر ئاپۆ"یە کە پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (لاهە) کردووە.
ئەم کتێبە دەنگیە دەقێکی تەواوی بەرگری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە کە زیاتر لەوەی داواکارییەکی شەخسی و یاسایی بێت، مانیفێستێکە بۆ بەرگریکردن لە مافە مێژووییەکانی گەلی کورد، کە لەسەر بنەمای شیکارییەکی مێژوویی لە شارستانیەتی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوە، لەم بەرگرییەدا ڕێبەر ئاپۆ پرسی کورد لە لایەنی جۆراوجۆری مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دەخاتە بەر باس و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی دەکات.
بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە چەند پرسێکی مێژوویی دەگرێتە خۆی. لە بەشی یەکەمدا ڕۆڵی شارستانیەتی سۆمەری لە سەرەتای شارستانیەتی مرۆڤایەتی و پاشان شارستانیەتەکانی میسر و چەمی سند، پەنجاب، چین، هیتی، هوری، میتانی، ئورارتوس، ماد و کریت و...لە خۆ دەگرێت، هەروەها سەرهەڵدانی ئایینە یەکتاپەرست و دینەکانی دیکە وەک زەردەشتی، بودا، کۆنفۆسیۆس و لە کۆتاییدا شارستانیەتی یۆنان، شارستانیەتی کۆیلایەتی ڕۆم، دەوڵەتی مێدیا و فارس، کە هەموویان بە بۆچوونی ئەو لە سەردەمی کۆیلایەتیدا بوون، گفتوگۆیان لەسەر کراوە. هەروەها باس لە هێڵەکانی کاریگەری و پێگەی کورد لە ڕەوتی شارستانیەتەکانی ئەم سەردەمەدا کراوە. بەشی دووەم تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەردەمی شارستانیەتی فیۆداڵی لە سەردەمی دوای ئیسلامدا و بەشی سێیەمیش باس لە "سەردەمی شارستانیەتی سەرمایەداری" دەکات. لە بەشی چوارەمدا باس لە کات و شوێنی شوناسی ئایدیۆلۆژی و پێشکەوتنی شارستانیەتی نوێ دەکرێت. لە بەشی پێنجەمدا ڕوونی دەکاتەوە کە میراتی کولتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆکردنەوەی شارستانیەتی نوێیە.
بەرگی دووەمی کتێبەکە بەشی شەشەم تا نۆیەم لەخۆدەگرێت و تایبەتە بە باسکردنی بابەت و دیاردەی "کورد". لە بەشی شەشەمدا، بارودۆخ و مێژووی کورد بەم ناوەڕۆکانەوە باس دەکرێت: پێناسەی هەندێک زاراوەی بنەڕەتی (وەک خێڵ، نەتەوە، دەوڵەت نەتەوە، هاووڵاتیبوون و نەتەوەیی، یاسایی و کۆمەڵگەی مەدەنی، ولاتپارێزی و ئینتەرناسیۆنالیزم) دەکات و لە هەندێ بوار پەیوەست بە دیاردەی کورد و کێشەکانی چارەسەری؛ بەدوای چارەسەری بۆ مێژووی کورد لە سەردەمی سەرمایەداریدا؛ بزووتنەوەی نەتەوەیی دیموکراتیک، ڕێگەی چارەسەری کێشەی کورد؛ سەردەمی میرنشینە فیۆداڵەکان و پاشایەتی؛ قۆناغی ناسیۆنالیزم و ڕاپەڕین و سەرکوتکردن؛ قۆناغی چارەسەری دیموکراتیک ڕێکار و هەڵسەنگاندنەکانی دەخاتە ڕوو. لە بەشی حەوتەمدا ڕێبەری گەلی کورد عيبدوڵا ئۆجالان باس لە پیلانگێری نێونەتەویی لە دژی کورد دەکات، بەتایبەتی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). هەروەها لە بەشی هەشتەمدا باسی ڕۆڵ و سروشتی سیستەمی یاسایی ئەوروپا و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کێشەی کورد دەکات. هەروەها بابەتەکانی کۆتایی پەیوەستن بە چارەسەری و رێکارەکانی ئاشتی و ئازادی."
"لە دەوڵەتی کاهێنی سۆمەرەوە بۆ شارستانیەتی دیموکراتیک"
دەتوانن بۆ دابەزاندنی فایلە دەنگیەکان سەردانی کەناڵی تێلگرامی Ocalanketakb یان لێرە وەربگرن.