کوێستانەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی قەدەغە دەکرێن
گوللو شەکر خەڵکی شرنەخ لەسەر قەدەغەکردنی گوندەکان ناڕەزایەتی نیشاندا و وتی: "سەرچاوەی بژێوی ژیانمان قەدەغە دەکرێت، وەک ئەوە وایە لە خاکی خۆماندا لە زینداندا بین، ئەم قەدەغەکردنە هەناسەی لێگرتووین."
گوللو شەکر خەڵکی شرنەخ لەسەر قەدەغەکردنی گوندەکان ناڕەزایەتی نیشاندا و وتی: "سەرچاوەی بژێوی ژیانمان قەدەغە دەکرێت، وەک ئەوە وایە لە خاکی خۆماندا لە زینداندا بین، ئەم قەدەغەکردنە هەناسەی لێگرتووین."
لە کوردستان زۆر شاخ و کۆیستان هەیە کە بە هۆکاری 'ئەمنی' قەدەغە کراون. بە تایبەتی ناوچەکانی شرنەخ، جولەمێرگ، وان و سەرحەد بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی قەدەغە کراوە. هەروەها زۆرێک لە کوێستانەکان بە ساڵانە بەڕووی کۆچەرییەکاندا قەدەغە کراوە و وەک ناوچەی سەربازی ڕاگەیەندراون. جیا لە کوێستانەکان، زۆرێک لەو گوندانەی کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا چۆڵکرابوون، بەهۆی ئەو قەدەغەکردنانەوە هەروا بە چۆڵی ماونەتەوە و خەڵکی گوندەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆرترین قەدەغەکردنەکانی تێدا ڕادەگەیەندرێت، ناوچەی ئەلکێی شرنەخە. گوللو شەکر تەمەن ٥٦ ساڵ، خەڵکی گوندی مەلەسا کە دەکەوێتە نێوان چوار چیاوە، باسی لەوە کرد کە گوندەکەی وەک زیندانێکی لێهاتووە و داوای کۆتایی هێنان بە قەدەغەکردنەکانی کرد. گوللو شەکر ڕایگەیاند کە بەهۆی قەدەغەکردنەکانەوە ناتوانن هیچ کارێ بکەن و وتی: "ئەگەر ئاشتییان دەوێت، پێویستە بارەگا و سەربازەکانیان بکشێننەوە."
گوللو شەکر کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا گوندەکەی سووتێنراوە ئاماژەی بەوەدا کە ئاشتی تەنها بە هەوڵی هەردوولا بەدی دەهێنرێت و وتی: "لەم ماوەیەدا زۆر شتمان بینیوە، زۆر ڕووداو ڕوویانداوە، ناچار بووین گوندەکەمان بەجێبهێڵین، دواتر گەڕاینەوە، لەوکاتەدا بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر ماڵەکانمان و هەرجار کەسێکیان دەبرد، ڕووىەڕوی گوشاری زۆی بووینەوە. زۆر کەسمان دەستگیر و دواتر شەهید کران. ئێستاش لە کەس و کارمان لە زینداندان.
'نە دەتوانین بچینە کوێستانەکان نە دەتوانین گیای سروشتی کۆبکەینەوە'
گوللو شەکر ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا سەرباز و پاسەوانەکانی گوند لە گوندەکەیاندا بۆیە خەڵک ناتوانن بە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان سەرقاڵ بن و وتی: "سەرباز و بارەگای سەربازی لە هەموو دەوروبەری گوندەکەماندا هێشتا هەیە، خەڵک ناتوانن بە ئاسانی لە ماڵەکانیان دەرکەون و بچنەسەر باخ ومەزراکانیان، زۆرجار لە نیوەی ڕێگادا دەگەڕێندرێنەوە، هەروەها کاتێک دەچینە کوێستانەکان، هۆشداریمان پێدەدەن و دەگەڕێندرینەوە، وەک ئەوە وایە لەسەر خاکی خۆمان لە زینداندا بین."
گوللو شەکر ڕایگەیاند کە بژێوی ژیانیان لەناوبراوە و وتی: "قەدەغەکردنەکان ژیانی لێ سەخت کردووە، ئەم کوێستان و گیایانە بژێوی ژیانی ئێمەن، بەڵام ناتوانین بچین، چونکە کوێستانەکانمان لێ قەدەغە کراون، ئێمە بە فرۆشتنی ئەو گیایانە بژێوی ژیانمان دابین دەکەین، بەڵام بەم قەدەغەکردنانە بژێوی ژیانمان لێ زەوت کراوە، بۆیە ناتوانین لێرە کارێک بکەین."
'با کۆتایی بەم قەدەغەکردنانە بهێنرێت'
گوللو شەکر لە کۆتاییدا ڕایگەیاند لە پێناو بانگەوازەکانی ئاشتیدا پێویستە ڕاستگۆیانە کۆتایی بە فشارەکان بهێنن و وت: "ئێمە دەمانەوێت لە خاکی خۆماندا بە ئارامی بژین، هەروەها پێکەوە بژین بەڵام بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، نامانەوێت کەس بمرێت، خوێنی هیچ کەسێک بڕژێت. بەڵام ئاشتی بە تاکلایەنە نابێت، ئەگەر ئاشتیان دەوێت، با سەربازەکان و پاسەوانی گوندەکان لێرە بکشێنەوە، ئێرە خاکی ئێمەیە، چی ڕووبدات، ئێمە لێرە دەبین و بەرەنگاری دەبینەوە."