لە چیای شەنگال یادی مام زەکی شەنگالی کرایەوە

لە چیای شەنگال مەراسیمی سێیەمین ساڵیادى شەهیدبوونی ئیسماعیل ئۆزدەمیر ناسراو بە مام زەکی شەنگالی ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی کرایەوە.

مەراسیمەکە لەسەر گڵکۆی مام زەکی لە مەزارگەی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان لە چیای شەنگا بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، هێزەکانی یەبەشە – یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان مەراسیمێکی سەربازییان ئەنجامدا و عاریف شەنگالی بە ناوی فەرماندەیی یەبەشە و یەژەشە قسەی کرد.

عارف شەنگال لە سەرەتای قسەکانیدا مام زەکیی شەنگالیی بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند، “مام زەکی بە دڵسۆزییەوە ڕوویکردە گوندی کۆچۆ تا ببێتە هاوبەش لە ئێشەکانی کۆمەڵگاکەی، بەڵام بوو بە ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، مام زەکی بۆ کۆمەڵگای ئێزدی زۆر گرنگ بوو، ئێمە تەنیا وەکو کەسێک سەیری مام زەکی ناکەین، چونکە مام زەکی بۆ ئێمە قوتابخانەیەک بوو، ئەمڕۆ هەزاران شەڕڤان و قوتابیی ئەو هەیە و لەسەر ڕێبازەکەی تێدەکۆشن’.

ڕاشیگەیاند، “مام زەکی کەسایەتییەکی پێشەنگ بوو، شەو و ڕۆژ بۆ ئەم کۆمەڵگایە خەباتی دەکرد و بەهۆی ئەو خەباتە گەورەیەوە کرایە ئامانج، مام زەکی لە چارەسەرکردنیی کێشە گەورەکانی ئێزدیان وەکو کێشەی پاراستن و خۆبەڕێوەبەرییدا خاوەن ڕۆڵ و ئەرکێکی گرنگ بوو، لەبەرئەوە داگیرکەر ویستی بە شەهیدکردنی مام زەکی، کۆمەڵگای ئیزدی بێ پاراستن بکات و یەکگرتوویی لەناو ببات”.

باسی لەوەشکرد، ‘مام زەکی هەموو کاتێک بۆ یەکێتی و یەکگرتوویی خەباتی دەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ویستی ١٥ی ئاب کە ڕۆژی جەژنی ژیانەوەیە لە ژێر سێبەری کۆمەڵکوژیی کۆچۆ و شەهادەتی مام زەکیدا بشارێتەوە، ١٥ی ئاب لە بەرامبەر فاشیزمی دەوڵەتی تورکدا بوو بە هاواری بەرخۆدانی گەلێک، لە ئێستاوە بە ڕۆحی ١٥ی ئاب، مام زەکی و ماهرەکان بەبیر دەهێنینەوە”.

ئەوەشى خستەڕوو، “ئەوانەی کە پێیان وایە ئەم کۆمەڵگایە هەمان کۆمەڵگای پێش ساڵی ٢٠١٤ یە و دەتوانن کۆمەڵگاکەمان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار بهێنن، دەبێت بزانن کە هەڵەن، پێویستە هەموو کەسێک بزانێت کە ئێمە واز لەم ڕێبازە ناهێنین”.

ئاماژەى بەوەشکرد، “داوامان لە هەموو ئەوانە هەیە کە خۆیان وەکو ئێزدی دەبینن، پێویستە واز لە ڕەشکردنی ئێمە بهێنن و ئەو بەرخۆدانەی کە ئێمە بۆ کۆمەڵگاکەمانى دەکەین بە ناڕەوا لە قەڵەمى نەدەن، دەبێت بزانن ئەگەر واز لەو ڕێگایانە نەهێنن دەکەونە بەر لێپرسینەوەی کۆمەڵگا، ئێمە وەکو یەبەشە و یەژەشە ڕەوابوونی خۆمان لە گەلەکەمان وەردەگرین و تا زیندووببین بۆ پاراستنی کۆمەڵگاکەمان تێکۆشان دەکەین”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مام زەکی شەنگالی ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٨ لە کاتێکدا لە مەراسیمی ساڵیادى قوربانییانی کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠١٤ی گوندی کۆچۆی شەنگال گەڕایەوە، لە دۆڵی شیلۆدا کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و شەهیدبوو.