لە خانەقین دژ بە شەڕی کورد بەکورد کۆبوونەوە ئەنجا درا

لە شاری خانەقین چەند چالاکوان و کەسایەتیی دیاری شارەکە دژ بە شەڕی کورد بەکورد کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆپیشاندان و هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەی فراوان دژ بەو شەڕە ڕێکبخەن.

لە باشوری کوردستان کاردانەوەکان دژ بە شەڕی کورد بەکورد  بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەدا، لە شاری خانەقین 
ژمارەیەک چالاکوانان و کەسایەتیی دیاری شارەکە کۆبوونەوەیەکیان ڕێکخست. بەشدارانی کۆبوونەوەکە وێڕای نیشاندانی دژبەری و بێزای خۆیان بەرامبەر بە هەوڵەکانی هەڵگیرسانی شەڕی کورد بەکورد، بڕیاریاندا لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆپیشاندان و هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەی فراوان دژ بەو شەڕە ڕێکبخەن.
هەر لە کۆبونەوەکەدا گۆڕەپانی کرەندی شاری خانەقین وەک شوێنی خۆپیشاندانەکە دەستنیشان کرا و بڕیاریش درا، لە دوای ئەوەی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەکە کۆتایی هات، واژۆکان دەدرێنە پەرلەمان و حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراق، تا لەو ڕێگایەوە فشار دروست بکرێت، بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی پەدەکە دا ڕوونەدات.
چالاکوانان و کەسایەتییەکانی خانەقین خوازیاربوون، هەموو خانەقینیەک و کوردێک دژی ئەو شەڕە بووەستێتەوە و ڕێگەنەدەن ڕوو بدات.

 

هـ.هـ