بە دیمەن

لە کەرکوک بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان کرا

لە کەرکوک بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی و گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان سەردانێکیان ڕێکخست بۆ سەر گڵکۆی شەهیدان.

ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە رۆژی "عارەفە"دا وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی کۆمەڵگای باشوری کوردستان و کۆمەڵگای ئیسلامی لە رۆژی عارەفەدا خەڵکی سەردانی گۆرستان دەکەن بۆ بەسەرکردنەوە کەسوکاریان، بەدەستپێشخەری ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بە بەشداری کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، وەکو خاوەنداری کردن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی سەردانی گڵکۆی شەهیدانی کەرکوکیان کرد.

جێگای باسە لە سەردانەکەیاندا بۆسەر گڵکۆی شەهیدانی کەرکوک یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستانیان کردەوە و داوایانکرد، کە یەکێتی گەلی کورد دروستبکرێت، هەروەها پەیمانیان دووپات کردەوە کە بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆشان لەسەر ڕێبازی شەهیدان.

کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان سەبارەت بەسەردانەکەیان بۆسەر گڵکۆی شەهیدان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: " ئەمرۆ لە رۆژی عەرەفەدا ئێمە وەکو ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی لەگەڵ کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان وەکو کلتورێکی ساڵانە بۆ خاوەنداری لە تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بە گرنگمان زانی کە سەردانی گڵکۆی شەهیدان بکەین،، لێرەوە سەری رێز و نەوازش دادەنین بۆ گشت شەهیدانی سەربەرزی کوردستان".

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد گوتیشی: "ئێمە لەسەردانی کردنماندا بۆ سەر گڵکۆی شەهیدان پەیمان دووبات دەکەینەوە کە درێژە پێدەری رێبازی ئەو شەهیدانە بین، لەم رۆژە پیرۆزەدا داوا لە تەواوی گەلی کورد دەکەین یەکڕێز و یەک هەڵوێست بن لەبەرامبەر هەموو ئەو هێرش و داگیرکارییانەی دژی گەلەکەمان هەیە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، هەروەها داوا لە تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان و  باشوری کوردستان و شاری کەرکوک دەکەم، کە یەکڕێز و یەک هەڵوێستبن لەدژی داگیرکاری تا بتوانین هەمان ڕێبازی ئەو شەهیدانە بگرین کە لەپێناو ئەم خاکەدا شەهیدبوون".