لە کەرکوک یادی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەرز ڕاگیرا

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، یادی سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە کە لە پاریس کۆمەڵکوژ کرابوون.

لە بەردەوامی سیمینار و چالاکیەکان بۆ بەرزڕاگرتنی روحی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان یادی ئەو سێ ژنە شەهیدە بەرزڕاگیرا.

ژنە شۆڕشگێرانی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژ کران، ئەمرۆش لە شاری کەرکوک لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(رەژاک) یادی ئەو شەهیدانە بەرزڕاگیرا.

ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کەرکوک ئامادەی یادەکە بوون، سەرەتای  یادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و پاشان سارا ڕەزا ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان سیمینارێکی پێشەکەش کرد و باسی لە ژیاننامەی شەهیدی سەرکردەی شەهید ساکینە جانسز کرد بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەکە.

سەبارەت بە شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی، سارا ڕەزا ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان وتی: "لە هەشتەمین ساڵیادی شەهیدان (ساكینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەماز)دا تەواوی شەهیدانی رێگای ئازادی ژن و گەلی كورد و مرۆڤایەتی بەگشتی بەبیردەهێنینەوە و سەری رێز و نەوازش لەبەردەمیاندا دادەنەوێنین، پێشەنگەكان لەژیاندا سیمبولی واتادانی ژیانن و مردنەكەشیان وانەی گرنگی ژیانی ئازاد دەداتە كۆمەڵگا، بەتایبەتی ئەگەر ئەم پێشەنگە ژن بێت تەواو دەبێتە فێرگەی ژیان، ژن خۆی لەخۆیدا هەڵگری زۆرترین بەها مەعنەوییەكانی ژیانە، هەر بۆیە سیستەمە زۆردار و دەسەڵاتدارەكانیش سەرەتا لە ژن دەدەن و لەرێگەی لێدان لە ژنەوە كۆمەڵگا رووبەرووی زۆرترین كۆیلایەتی دەكەنەوە. گرێدراو بەم راستیانەوە شەهیدانی ژنانی پێشەنگ ئەگەرچی لە شوێنی جیاوازبن و لەسەر هزر و ئایدیای جیاوازبن، بەڵام هەموویان یەك ئامانجیان هەبووە، ئەویش هەڵوەشانەوەی تەواوی عەقڵیەتی كۆیلایەتی و داگیركاریە. نمونەیان وەك (رۆزا لوكسەمبورگ، ساكینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەماز، دۆلیس سێبتەمبەر و پاكیزە و سێوێ و فاتمە)."

سارا ڕەزا بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "هەڤاڵ ساكینە جانسز یەكێكە لەو ژنە شۆرشگێر و بوێرانەی كە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كوردستان كە لە یەكەمین هەنگاوە سەختەكانی شۆرش و تێكۆشاندا جێگەی گرتووە. لە سەرەتای ساڵی حەفتاكانەوە دەست بەكار و تێكۆشان دەكات. یەكەمین ژنە كە لە دامەزراندنی پارتێكی سیاسیدا جێگەی گرتووە. ساكینە جانسز وەك دامەزرێنەری پەكەكە و رێكخستن و پارتی ژنان و لەشكری ژنان وەك پێشەنگی بەهێزی سەدەی بیستەم دژی عەقڵیەتی ناموسپەرستی و رەگەزگەرایی وەستایەوە، لە ریزی پێشەوەی بەرخودانی زینداندا بۆتە سیمبول و وەك سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكاری خەباتی نەتەوەیی و ئەنتەرناسیۆنالی ژنان."

لە دریژەی قسەکانیدا ساڕا ڕەزا وتی: "هەڤاڵ فیدان وەك دیبلۆماتكارێكی نۆژەنی رادیكاڵ و خاوەن ئیرادەیەكی سەربەخۆی ژنانە، روبەروی هەموو سیاسەتە نادیموكراتەكانی سیستمی سەرمایەداری بوویەوە، لەیلا شایلەمەز؛ ئەو گەنجەی كە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر و تیژتر بیری دەكردەوە و وەك پێشەنگی گەنجانی خاوەن ویژدان و نیشتمانپەروەر و بە ئیرادەی گەنجانە و ژنانە لەپێشەوەی هەموو تێكۆشانەكاندا بوو، ئەمانە هەموویان رۆژبەرۆژ بوونە هیوای گەل و بوونە ئاستەنگ لەبەردەم دوژمنانی گەلەكەمان و هەموو مرۆڤایەتی، هەر بۆیە هەرسێ ژنە شۆرشگێرەکە لە ٩ی کانونی دوەمی ساڵی ٢٠١٣دا لەناوەڕاستی پاریسدا بەدەستی دەوڵەتی تورك تیرۆركران، بەڵام ئەم شۆرشگێرانە نەك بەجەستە نەمان بەڵكو بوون بە گڕکانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ژنان."

پاش ناساندنی ژیاننامەی شەهیدی سەرکردە هەڤاڵ سەکینە جانسز، بە سینەفزیۆن باس لە رۆڵی شەهید هەڤاڵ ساکینە جانسز کرا لە سەرکەوتنی خەبات و تێکوشانی ئازادیخوازانی گەلی کورد و هەروەها رۆڵی شەهید لە پێشخستنی رۆڵی ژنان لە کایەکانی شۆرشگێریدا.

پاشان بە دروشمی شەهید نامرن کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.

ف.ق