لە شاری مەهاباد زیاتر لە ١٠ کەس دەستگیرکران

راگەیەنرا کە هێزەکانی دەوڵەتی ئێران دوێنێ لە شاری مەهاباد زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی کوردیان دەستگیر کردووە و چارەنووسیان نادیارە.

رێخکراوی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری مەهابادی سەر بە پارێزگای ورمێ زیاتر لە ١٠ هاوڵاتیان دەستگیر کردووە.

ناوی هەشت کەس لە دەستگیرکراوەکان بەم شێوەیەیە: ئاکام سەرکانی، محەمەد سیاقۆل، شۆڕەش کورانی، نختار نەبی، رەحمان دانزی، محەمەد یالاچاکی، جەلال گامیشانی و فەرهاد رەحیم مەلا.

ئەم شەپۆلەی دەستگیرکردنە وەک شەپۆلێکی فراوانی دەستگیرکردن لەقەڵەمدەدرێت و دەگۆترێت، بێ فەرمانی دادگا و بێ هیچ بیانویەک هاوڵاتیانی کورد دەستگیر دەکرێن و بۆ شوێنێکی نادیار براون.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیچ زانیاریەک لەبارەی دەستگیرکراوەکان بەدەستنەهێنراوە و چارەنوسیان نادیارە.

ف.ق