لە سلێمانی چوار چەتەی داعش دەستگیرکران

هێزەئەمنییەکانی عێراق و سلێمانی لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا چوار چەتەی داعشیان لە سلێمانی دەستگیرکرد و چەندین مۆڵگەی چەتەکانیش لە پاڕێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە لەناوبران.

دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە بارەی دەستگیركردنی چەند چەتەیەكی داعش لە سلێمانی و لەناوبردنی چەند مۆڵگەیەكیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكانیان "بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش سلێمانی لە هەرێمی كوردستان توانیمان چوار چەتەی داعش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر بكەین".

ئاماژە بەوەشكراوە، "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانمان بۆ پشكنین و چاودێریكردنی مۆڵگەكانی چەتەكانی داعش لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە توانیمان پێنج مۆڵگەی چەتەكان تێكبدەین" .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو دوو پارێزگایە ژمارەیەك ئامێری تەقەمەنی درووستكراو و بەلەمێكی چەتەكان لە ناوبراوە.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، "هێزەكانمان بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانیان بە مەبەستى پاككردنەوەی وڵاتەکەمان لە چنگی چەتەكانی داعش".

هـ . ب