لە سلێمانی گردبونەوەیەک بۆ ئازادکردنی سێ ئەندامەکەی ڕژاك ئەنجامدرا

دژی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە سلێمانی، گردبوونەوە و داوای هەڵوێست لە ئازادیخوازان دەکەن لەپێناو ئازادکردنی ئەندامەکانیان.

ئەمڕۆ بە درووشمی (ژن ژیان ئازادی)، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان_ ڕژاک، بە بەشداری دایکانی لەچکسپی و بەشێک لە ئازادیخوازان، لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست و تێیدا بەیاننامەیەکی ناڕازییان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە.

بەیاننامەکە كە لەلایەن نەرمین کەریم، ئەندامی ڕێکخراوەکەوە خوێنرایەوە، تێدا هاتبوو: “شاندێکی ڕێکخراوەکەمان کە پێکهاتبوو لە دوو ئەندامی ئەنجوومەن و ئەندامێکی ڕێکخراوەکە (خەولە محەمەد، جوانا عەبدولباقی و سەیران ئەحمەد)، دوای گەڕانەوەیان لە مەراسیمی ساڵیادی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لە شەنگال، لە چواری ئاب لە بازگەی کەڵەک، لەلایەن ئاسایشی پەدەکە-وە دەستگیر کراون”.

ئاماژەی بەوەیش كردووە: “سەرەڕای ئەو هەوڵانەی بۆ ئازادکردنیان دەدرێن، بەڵام تائێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئازادکردنیان نەدراوە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە ‌و ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی لەلایەن خیزانەکانیان و ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوەکەوە”.

هەر لە بەیاننامەکەدا دەیشڵێن: “ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی هێرش و پلانگێڕییەکانی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان دەکەین لەسەر ژنان، ئەوەش ئاشکرایە کە پەدەکە حزبێکی دژە ژنە بۆیە هەڵوێستی بوێرانەی ئەندامەکانمان ترسی خستووەتە دڵی دەسەڵاتدارانی ئەو حزبە”.

لەکۆتایشدا داوا لە ڕێکخراوەکان، پەرلەمانتار و چالاکوان و کەسانی بەهەڵوێست دەکەن، دژی تەواوی دەستگیرکراوانی سیاسی و مەدەنی بێدەنگی بشکێنن، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە ئەوان وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بێدەنگ نابن و هەمیشە لە کار و خەباتتدا دەبن بۆ ئازادیی هەموو ژنان.

ف.ق