لە سلێمانی یادی رۆژی جیهانی کۆبانی کرایەوە
بەبەشداری چالاکوانان و ئازادیخوازانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ، لەسەر پردی کۆبانێ بەڕێوەچوو.
بەبەشداری چالاکوانان و ئازادیخوازانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ، لەسەر پردی کۆبانێ بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی کۆبانێیە، ئەو ڕۆژەی تیایدا لە تەواوی جیهانەوە پشتیوانیی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ نیشاندرا و لە ناوە و دەرەوەی کوردستان بە سەدان چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجامدرا.
لە ١ی تشرینی دووەمی٢٠١٤ (١ی نۆڤەمبەر)، لەکاتێکدا بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێ نزیک دەبووەوە لە دوو مانگ، ئەو پشتیوانییە گەیشتە لوتکە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە ٤٠ وڵات و ٢١٦شاری جیهانەوە گەل هەستانە سەر پێ و پشتیوانی کۆبانێیان کرد، ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ دەستنیشان کرا.
لەو چوارچێوەیەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ بەدەستپێشخەر نوێنەرایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان و سەکۆی دژی داگیرکاریی، لە سەر پردی کۆبانێ لە شاری سلێمانی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ بە شکۆوە بیرهێنرایەوە و پیرۆزکرا.
مێرخاس حەسەن، لەسەر ناوی نوێنەرایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و لەسەرەتای بەیاننامەکەدا ڕۆژی جیهانی کۆبانێ-یان لەهەموو گەلی کورد و ئازادیخوازان پیرۆزکرد و بەشداریی کردنی هێزی پێشمەرگە هاوشانی شەرڤانان و پشتیوانی کوردانی پارچەکانی دیکە و گەلانی ئەنتەرناسیۆنالیست بۆ کۆبانێ بەرزنرخاند و تێیدا هاتبوو: بەرخۆدانی کۆبانێ بوو بەهۆی یەکخستنی گەلی کورد لەهەر چوارپارچەی.
ئەوەش هاتبوو: بەهۆی بەرخۆدانی ئەفسانەیی گەلەوە، کە جیهانی ئازاد و دیموکراتیی یەکخست، دژ بە جەور و ستەم کە بووە هۆی دروست بوونی هاوپەیمانییەکی جیهانی لەگەڵ گەلی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لە کۆتایشدا هاتبوو: ئێمە وەک نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان داوا لە تەواوی گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهان دەکەین، دەبێت هەموومان هۆشیار و یەکگرتووبین و بە گیانی سەرکەوتوویی و خۆڕاگریی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ بەبیربهێنینەوە، چونکە ئەمڕۆ تیرۆر بە ئاراستەیەکی دڕندانەتر چووە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆی ڕێکدەخات، داوا لە حکومەتی هەرێمیش دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆی پێکبهێنێت و ڕێگربن لەبەرامبەر پلانی دوژمنانی گەلی کورد.
دواتر لەلایەن نەوزاد ساڵەحەوە بەیاننامەی سەکۆی دژی داگیرکاریی خوێنرایەوە و تێیدا هاتبوو: سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنی ئیرادە و باوەڕی کورد بوو، بە پشت بەستن بە هێزی خۆی، ئەمڕۆ دوای شەش ساڵ بەسەر بەرخۆدانی کۆبانێدا، گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەنگاوی مەزنیان هەڵهێناوە بۆ بونیاتنانی سیستمی دیموکراتی کە بوونەتە نمونەی مۆدێلێکی نوێ بۆ پێکەوەژیانی.
ئەوەش هاتبوو: جارێکیتر دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڕەشەی لەناوبردنی گەلی کورد سیستمی خۆبەڕێوەبەری دەکات، هەوڵی داگیرکردنی باشوری کوردستانیش دەدات، هەر بۆیە لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لەهەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزیی، یەکێتی نەتەوەییە.
ف.ق