کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە لانکەى شارستانیەتدا (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) سەردانی گۆڕستانی شەهید هارون-یان لە گوندی چەمێ ئەلیکا لە ناوچەى لیجەى ئامەد کرد. ئەو گۆڕستانە لە ساڵی ٢٠١٣دا دروستکرا و لە ساڵی ٢٠١٥دا بە هێرشی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی سەربازیی دەوڵەتی تورکەوە تێکدرا. گۆڕستانە تێکدەراوەکە لەلایەن مەبیا دەرەوە پاککرایەوە و دوای ئەوەش، راگەیاندراوی تیادا خوێندرایەوە.
نوێنەرانی هەدەپە، دەبەپە، تەژا، تویادەر، کۆمەڵەى ٧٨، رێکخستنەکانی هەدەپەی بسمل، فارقین، پاسوور، لیجە و هێنێ، ئەندامانی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپە و ژمارەیەکی زۆر چالاکوان بەشداری ئەو چالاکییە بوون.
یوکسەل ئەڵماس هاوسەرۆکی مەبیادەر لە چالاکییەکەدا رایگەیاند، "لە ساڵی ٢٠١٥دا گۆڕستانی شەهید ئامەد و شەهید هێڤیدار لە گەڕەکی سیسێ لە لیجە بۆردومانکران و رووخێنران و ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕی ئەندامانی هەپەگە خاپوور کران. ئەوە بە مانای ئەوەیە، کە دەیانەوێت یادەگەى کۆمەڵگە لە ناو ببەن و لە جەوهەری خۆی دووری بخەنەوە. هاوکات دەوڵەت مامەڵەى تەرمی بێ خاوەنیان لەگەڵ دەکات و لە گۆڕستانی بێکەسەکاندا دەیانکات بە ژێر گڵەوە. لە مەلەتییە ٢٧٠ تەرم، لە وان ٧٥ تەرم، لە سێرت و خارپێت ٣٠ تەرم تاوەکو ئێستاش رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونەتەوە".
ژ.ت