میدیای یەنەکە: سێ کادری یەکێتی لە شێلادزێ بێسەروشوێنن

میدیای یەنەکە بڵاویکردەوە، سێ کادری یەنەکە لە سنووری ناحیەی شیلادزێ بێسەر و شوێن بوون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە، هێزە ئەمنییەکانیش لەبارەیانەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی شێلادزێی یەنەکە بە میدیای حزبەکەی ڕایگەیاندوە: سێ گەنج کە کادری یەکێتین بەناوەکانی (دیار نەزمی سیتەیی، هێمن تەیموس بەیاز سیتەیی، سەفین عەلی ئیسماعيل سيتەیی ڕێکانییە).

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو سێ گەنجە ڕۆژی ٩ـی ئەم مانگە، چوونەتە ناوچەی بامەڕنێ و دواتر دیارنەماون و تائێستاش چارەنووسیان نادیارە.

سەرچاوەکە باسی لەوە کردوە، تا ئێستا دەزگا ئەمنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەسەر دیارنەمان و چارەنووسی ئەو سێ گەنجە نەداوە و زانیاری نادەن لەبارەیانەووە.

ناحیەی شیلادزێ سەر بە شارۆچکەى ئامێدییە لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکەیان بەهێزی زۆر پەدەکە و دەوڵەتى تورک دەورە دراوە، بەڵام ئەو ناحیەیە بەردەوام چالاکی ناڕەزایەتى و وڵاتپارێزی و هەروەها دژایەتیکردنى دەوڵەتى داگیرکەری تورک تێیدا بەهێزە.

هـ . ب