یەکەم: دڵخواز بینگول ( محەمەد عەلی ئاڵگیونەرخان) خەڵکی بینگۆلی باکووری کوردستان. بە هەڵوێستی خۆڕاگری گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە رێبەر ئۆجەلان سەرسام دەبێیت. بەڵێن، دەدات کە بۆ ئازادیی گەلی رۆژهەڵات تێکۆشان بکات.
لە ٢٠٠٠وە تا ٢٠٠٦ بە قاچێکی بریندار و گۆپاڵێکەوە بست بە بستی رۆژهەڵات گەڕا. بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستییەوە بۆ گەل و نیشتمانی ئاهۆراییەکان، لە ئیلام و کرماشانەوە تا ماکۆ، لە هەورامانەوە تا خوراسان. شار بە شار و گوند بە گوند، شاخ بە شاخ و دۆڵ بە دۆڵ هەموو رۆژهەڵات گەڕا و لە گەڵ ئێش و ئازار و هیوای گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە یەک.
دوایین جار لە هەورامان هەر لەو شوێنانەی کە جار بە جار بە تەق تەقی گۆپاڵەکەیەوە دەڕۆیشت بۆ دیداری فەرزاد کەمانگەر و فەرزاد قۆبادی شەهید بوو و گەیشتە مانای حەقیقەت. شەهید دڵخواز لە هەواری ژیوار لە بۆسەیەکی جاش و پاسداری کۆماری سێدارە گەیشتە کاروانی نەمران.
دووەم: دڵخواز بینگۆل (هوشمەند ئاداک). لە ژیوارەوە، گەنجێکی دڵپاک و بەوەفا ئەم رەنج و ماندووبوون و گیانفیداییەی دڵخواز بینگۆلی فەرامۆش نەکرد و وەک ئەمانەتێک لە دڵیدا هێشتییەوە. ئەو کە هەر لە منداڵییەوە بە چیرۆکی قارەمانی و شەهادەتی دڵخواز بینگۆل گۆش کرابوو، داوی ١١ ساڵ هەر لەو تولەڕێیانەوە کە دڵخوازی لە بینگۆلەوە هێنابووە هەورامان ملی رێگای گرتەبەر و دوای ناوبڕێک لە قەندیل بەرەو بینگۆل بەڕێ کەوت.
ئەو دەیەویست پەیامی گەلی هەورامان بگەیەنێتە گەلی هاوزوانی زازا لە بینگۆل و پێیان بڵێ، ئەگەر چی زوڵم و زۆر ئێمەی لێک دابڕیوە، بەڵام ئەوەتا هاتووم وەفای هەورامان بۆ رۆڵەکەی ئێوە دەرببڕم، هاتووم چریکەی هۆرە و سیاچەمانە تێکەڵ بە کلام و لاوژەی ئێوە بکەم، پەیامی رووباری سیروان بگەیەنمە دیجلە و فورات و تۆڵە لەو داگیرکەرانە بکەمەوە کە ئێمەیان لێک دابڕیوە و دەنگمانیان کپ کردووە و رووبارەکانمانیان بەند کردووە.
هۆشمەند ئاداک وەک وەفایەک بۆ دڵخواز بینگۆل، نازناوەکەی ئەوی هەڵگرت و دەستی کرد بە رێپێوان بۆ بینگۆلی باکووری کوردستان. لە رێگادا لە هەرێمی بۆتان، کەوتە بۆسەی قوروجی و عەسکەری کۆماری جینوساید و شەهید بوو.
ئەمە چیرۆکی دوو کەسە کە بە دوای یەک حەقیقەتدا دەگەڕێن. ئەو حەقیقەتەش لە خۆشەویستیی گەل و نیشتماندا دەبیننەوە و دەگەنە لوتکەی مانا و هەست، واتە شەهادەت. ئەمە چیرۆکی ژیانەوەی گەلێکە، کە لە خۆڵەمێشی خۆی، خۆی دەئافرێنی، بە ئاگر خۆی دەشۆرێت و بە هیوا داهاتووی بونیاد دەنێیت.
ژ.ت