گیان لەدەستدانی بنەماڵەیەکی کوردی سەردەشتی بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیان لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا کاردانەوەى بەرفراوانی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لێکەوتەوە.
کەمال حسەینپور نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی رژێمی داگیرکەری ئێران لە چاوپێکەتێنیکدا لەگەڵ ماڵپەڕی روویداد ٢٤دا باسی لە شەپۆلی بەرفراوانی کۆچی کورد کرد و وتی، "لە ٥ مانگی رابردووە زیاتر لە هەزار کەس لە پیاوان و ژنانی گەنجی سەردەشتی لە وڵات کۆچیان کردووە. زۆربەى ئەو کۆچبەرانە پیاون و نزیکەى سەدا ٢٠ بۆ ٣٠یشیان بە شێوەی خێزانی کۆچ دەکەن".
حسەینپور ناڕاستەوخۆ باسی لە سەپاندنی هەژاری بە شێوەی بەرنامە بۆ دانراو لەلایەن رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتی، لە سەردەشتدا هیچ کارگەیەکی پیشەسازی چالاک نییە و کشتوکاڵیش نەماوە. هەروەها لە ٣ دەروازەی سنوورییش ٢ دەروازەیان داخراوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، خەڵک پێویستی بە کار هەیە و رایگەیاند، "دۆخەکە بەشێوەیەکە خەڵکی وەک بەڕێز رەسوڵ ئێراننەژاد، کە خۆی و بنەماڵەکەى گیانیان لەدەستدا، هەر چییەکیان هەیە دەیفرۆشن و لە رێگەى قاچاخچییەکانەوە دەڕۆن بۆ تورکیا و لەوێوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆن".
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە دەریای مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بەلەمی هەڵگری کۆچبەران نقومبوو و بەو هۆیەوە خێزانێکی ٥ کەسیی کوردی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی، رەسوڵ ئێراننەژاد تەمەن ٣٥ ساڵ، شیوا محەمەد پەناهی تەمەن ٣٥ ساڵ، نینا و ئانیتای تەمەن ٩ ساڵ و ئارمینی تەمەن ٦ ساڵ گیانیان لە دەستدا.
ژ.ت