پەدەکە هێرشی کردە سەر گەریلا و ٣ گەریلا بەسەختی بریندار بوون (نوێ کرایەوە)

لە ئامێدی چەکدارانی پەدەکە هێرشیان کردە سەر یەکینەیەکی گەریلاکانی (هەپەگە) و بە هۆیەوە ٣ گەریلا بە سەختی بریندار بوون و دواتر بە چەکی قورس بنگە و بارەگاکانی گەریلا لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج.

ئەمشەو، لە گوندی سێگرێی شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، چەکدارانی پەدەکە هێرشیان کردەوەتە سەر یەکینەیەکی هێزەکانیپاراستنی گەل (هەپەگە) و  لە ئاکامی هێرشەکەدا ٣ گەریلا بەسەختی بریندار بوون.
لەوبارەوە، ڕۆژنامەوان فوڕات بۆتان کە لە هەرێمی ڕووداوەکەوە بەشداری لە هەواڵەکانی شەوی تەلەفزیۆنی ستێرک دا کردبوو زانیاری داوە و ڕایگەیاندوە: "کاتژمێر نۆی ئەمشەو بەکاتی باشوری کوردستان، هێزە چەکدارەکانی سەر بە پەدەکە لە شێوەی نانەوەی بۆسەدا هێرشیان کردەوەتە سەر یەکینەیەکی هێزەکانی گەریلاکانی (هەپەگە) و بەهۆی ئەوەشەوە ٣ گەریلا بەسەختی بریندار بوون".

بۆتان ڕایشیگەیاندوە: "دوابەدوای ئەو هێرشە، چەکدارانی پەدەکە بە چەکی قورس و بەچڕی بنگە و بارەگاکانی گەریلاکانیان لە ناوچەکە کردوەتە ئامانج".

تا ئێستا (هەپەگە) لەو بارەوە هیچ لیدوانێکی فەرمی نەداوە و بۆیە زانیاری زیاتر لەبارەی هێرشەکەوە نازانرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە زوترین کاتدا ناوەندی ڕاگەیاندنی (هەپەگە) لێدوان بدات و وردەکاریەکانی هێرشەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.

لە ماوەی ڕابردوودا، پەدەکە و سوپای داگیرکەری تورکیا، هێزەکانیان بەرەو هەرێمەکانی گەریلا جووڵە پێکردبوو و ئەوەش ئاڵۆزی دروست کردبوو و کاردانەوە و ناڕەزایەتی گەل و ئازادیخوازانی دژ بە پەدەکە لێکەوتبوویەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و مووچەخۆران لە باشووری کوردستان کە باروگوزەرانیان زۆر خراپە، مووچەیان پێنادرێت و خزمەتگوزاریان پێشکەش ناکرێت، بەرپرسانی پەدەکە کەوتوونەتە تاوانبارکردنی پەکەکە کە گوایا لەپشت ناڕەزایەتیەکانی گەلەوەیە. لە بەرامبەریشدا پەکەکە سەرلەبەری ئەو بانگەشەیە ڕەت دەکاتەوە و بە چەواشەکاری و خۆدزینەوەی پەدەکە لە بەرپرسیای بەرامبەر بە داخوازی گەل بەناوی دەکات.

 

هـ.هـ